گۆڕان دهیهوێ دهستلهكاركێشاوهكان بگهڕێنێتهوه
رووداو- سلێمانی
ههڵسووڕاوێكی باڵای دهستلهكاركێشاوهی گۆڕان دهڵێت: "دەستیشم لەکارنەکێشابایهوه، هەوڵمدەدا هەڵبژاردنی خانهی راپهڕاندن و رێكخهری گشتی تێکبدەم، بۆ ئەوەی رایبگرم“. جێگری دهستلهكاركێشاوهی سکرتێری پێشووی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رەخنە لە شێوازی هەڵبژاردنەکانی نێو بزووتنەوەکە دەگرێت و پێیوایە نایاساییە و هەر لەبەر ئەوەش لهگهڵ چهند ههڵسووڕاوێكی دیكه دهستیان لهكار كێشاوهتهوه. بهڵام تاوهكو ئێستا بزووتنهوهی گۆڕان ئهو دهستلهكاركێشانهوانهی پهسەند نهكردووه و ئهندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنهوهكهش دهڵێت سهرقاڵی ئهوهن دهستلهكاركێشاوهكان بگهڕێننهوه سهر كارهكانیان.
نیوهی جڤاتی نیشتمانی چاویان له حكومهته
رۆژی پێنجشەممە، دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران و جەمال محەممەد، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بە سکرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا. رۆژی یەکشەممەش 14 ی ئەیلوول، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵبژێردران. شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی لای ههندێك لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە دروستکرد.
ساڵح ژاژڵەیی، جێگری پێشووی سكرتێری جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، كه لهگهڵ شەش ههڵسووڕاوی دیكهدا دهستی لهكاركێشاوهتهوه، دەڵێ چەند رۆژێک پێش دەستلەکارکێشانەوەیان، بە نامەیەک داوایان کردووە "هەڵبژاردنەکان بۆ سەری ساڵ دوابخرێن، بۆئەوەی ئامادەکارییەکان تەواوبکرێن و هەڵبژاردنەکە لە مەکۆ و باژێرڤانەکانەوە دەستپێبکات و دواتر بێتە لای جڤاتەکان“، بەڵام داواکارییەکەیان پهسەند نهكراوه: "جڤاتی نیشتمانی بۆ رۆژی دواتر، بەپەلە رۆژی 14ی مانگی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن. ئیتر ئێمە هیچمان لەبەردەم نەمایەوە، جگە لە دەستلەکارکێشانەوە".
بەگوتهی ژاژڵهیی، ئەو جڤاتی نیشتمانییەی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتییان هەڵبژاردووە، خۆیان ماوەی یاساییان تهواو بووه و ناکرێ دامەزراوەیەک، دامەزراوەیەکی گرنگتر هەڵبژێرێت، ئەگەر بۆخۆی ماوەی یاسایی بەسەرچووبێت: "تەنانەت زیاتر لە 23 کەسی ناو جڤاتی نیشتیمانی سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستی حکومی پڕکردووەتەوە. لەکاتێکدا جڤاتی نیشتمانی 50 کەسن. کەواتە چی لە جڤاتی نیشتمانی دەمێنێتەوە بۆئهوهی ئیشوکاری گۆڕان بەڕێوەببەن؟“.
”نهدهبووایه بڕۆن "
بەپێی دەستووری نێوخۆیی گۆڕان، هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە و سەرەتا هەڵبژاردنی بازنە و رایەڵە و مەکۆ و باژێرڤانەکان دهكرێن. بەرپرسی مەکۆ و باژێروانەکانیش راستەوخۆ دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و دواتر ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵدەبژێرن. بەڵام بۆ یەکەمجار بەپێچەوانەی ئاراستە یاساییەکەی، هەڵبژاردن ئەنجامدرا و لە هەڵبژاردنی جڤاتەکان و خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتییەوە دەستپێکرا.
د.هیوا ساڵح، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنهوهی گۆڕان، رەخنەکانی ساڵح ژاژڵەیی رەتناکاتەوە و دەڵێ بەشێك لەوانەی دەنگیاندا لەگەڵ ئەوە بوون سەرەتا لە خوارەوە هەڵبژاردنەکان بكرێن و بەپێی دەستووری نیوخۆیی گۆڕان بێت، " بەڵام لەبەرئەوەی تەمەنی خانەی راپەڕاندن بەسەرچووبوو، زۆرینە ئەوەیان پەسەندکرد کە خانەی راپەڕاندن پێشبخرێت“. هیوا ساڵح نایشارێتەوە لە زۆربەی پرسەکاندا جڤاتی گشتی رای جیاوازی لە جڤاتی نیشتمانیی هەیە، "بەڵام کێشەکە ئەوەیە جڤاتی گشتی راوێژکارییە و جڤاتی نیشتمانی بڕیار دەدات“. گوتیشی: " زۆر کەس هێشتا وەک کاک ساڵح و ئەو برادەرانهی دیکە بیردەکەنەوە و بۆچوونیان وەک یەکە ، بەڵام دەبوو لەناو گۆڕان بمێننەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوە نەنووسن".
”كاك نهوشیروان رهتیدهكردهوه"
رۆژی 10ی ئەم مانگە، جێگری سکرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و 6 ئەندامی دیکە کە پێکهاتبوون لە عەلی تاهیر، شەریف قادر، سابر ئیسماعیل، ئاوات بەهائەدین، عادل کاکەیی، حەیدەر حەسەن، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکردەوە. ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، پشتیوانی له هۆكارهكانی دهستلهكاركێشانهوهكه دهكات و دەڵێ: "ئەگەر کاک نەوشیروان لە ژیاندا بووایه، ئەو شێوازی هەڵبژاردنەوەی رەتدەکردەوە و ئەوە پێشێلکردنی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکەیە". گوتیشی، ئەوانەی دهنگیان بە دیاریکردنی رۆژی 14 ی مانگ دا بۆ هەڵبژاردنەکان، دەیانگوت دواتر هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان لە خوارەوە ئەنجامدەدەین و کۆنفرانسی نیوخۆیی دەبەستین، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەک بۆ ئەو هەڵبژاردنە و کۆنفرانسی نیشتیمانی دیاری نەکراوە و دیاریش نییە بکرێت".
ساڵح ژاژڵەیی، رەخنەی زۆرتر دەگرێت و دەڵێ: "چۆن دەبێ سکرتێری جڤاتی گشتی خەڵکی سلێمانی بێت و جێگرەکەی لە هەولێر بێت؟ دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت لە یەک نزیک بن و ناکرێ هەریەکە و لە شارێک دابنیشن“. ئەو دەڵێ تاوەکو 10ی مانگ هیچ دەنگوباسێک نەبووه جەمال محەممەد، لە جڤاتی نیشتیمانییەوە بێتە جڤاتی گشتی: " نازانم چۆن بەو یەک دوو رۆژە هەموو شتێک چارەسەرکرا؟ بێگومان بۆخۆیان بە ئهندامانی جڤاتی گشتییان گوتبوو دەنگی پێبدرێ، بۆئەوەی ببێتەوە ئەندامی خانەی راپەڕاندن".
ههوڵدهدهن بیانگهڕێننهوه
جگە لە عومەری سەید عەلی کە وەک رێکخەری گشتی بۆ دوو ساڵی دیکە هەڵبژێردرایەوە، عەدنان عوسمان وەک سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و جەمال حاجی محەممەد، بە سکرتێری جڤاتی گشتی و جەلال جەوهەر، دەرباز محەممەد، برزۆ مەجید و شەماڵ عەبدولوەفا بە ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران. د.هیوا ساڵح، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، هێشتا بزووتنەوەکە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو 7 کەسەی پەسەند نەکردووە و سەرقاڵی ئەوەیه قسەیان لەگەڵ بکات و بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان، بەڵام ساڵح ژاژڵەیی دووپاتی دەکاتەوە ئەو بڕیاری کۆتایی خۆی داوە: "دەکرێ قسە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەم بکرێت، بەڵام من لە بزووتنەوەی گۆڕان تێگەیشتم و جارێکی دیکە ناگەڕێمەوە“.
گوتیشی: "ئەگەر هیوایەک هەبێت و گۆڕان گۆڕانکارییەکی باشی ئەنجامدا، رەنگە ئەوکات دەرفەتی گفتوگۆیەک هەبێت، بەڵام بەوشێوەیەی ئێستا ناکرێت".