رووداو ژمارەی بەربژێر و ناوی سەرۆک لیستی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە

18-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆرینەی بەربژێری حیزبەکان لە پارێزگای سلێمانین و دواتر هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها زۆرترین ژمارەی بەربژێر، بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، پاشان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
 
ئەمڕۆ دەرگەی تۆماری حیزب و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان داخرا. رووداو ناوی زۆربەی سەرۆکی لیستی زۆرینەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکە ئاشکرا دەکات.
 
دیارترین ناوی بەربژێرانی لیستەکان ئەمانەن؛ ڤالا فەرید لە پارتی دیموکراتی کوردستان، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لاهوور شێخ جەنگی لە لسیتی بەرەی گەل، عەلی حەمەساڵح لە رەوتی هەڵوێست، عەبدولستار مەجید لە کۆمەڵی دادگەری و محەممەد هاودیانی لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
 
پارتی 190 بەربژێری هەیە
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ لە دوایین رۆژدا ناوی بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.
 
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ کێبڕکێکردن لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان، بە 190 بەربژێر بەشداری دەکەن.
 
زۆرترین بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانین، کە 72 بەربژێرن، هەروەها 64 بەربژێر لە هەولێر، 48 بەربژێر لە دهۆک و شەش بەربژێریشیان لە پارێزگای هەڵەبجەن.
 
سەرۆک لیستەکانی پارتی ئەمانەن؛ لە پارێزگای هەولێر ڤالا فەرید، لە سلێمانی هۆشیار سدیقەفەنی، لە دهۆک حاکم محەممەد ئەمین شەرەفانی و لە هەڵەبجەش هۆشیار حوسێن بەگ .
 
یەکێتی 172 بەربژێری هەیە
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بە 172 بەربژێر بەشداری دەکەین".
 
لە هەولێر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتیی لیستی یەکێتی دەکات، لە سلێمانی د. میران محەممەد، لە دهۆک عەلی ئۆرەماری و لە هەڵەبجەش بارزان عوسمان.
 
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵەبجە شەش بەربژێر و لە دهۆک 32 بەربژێری هەیە. هەژار محەممەد، لێپرسراوی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، لە هەولێر 64 بەربژێر و لە بازنەی سلێمانیش 76 بەربژێریان دەبێت.
 
بەرەی گەل 121 بەربژێری هەیە
 
بەرەی گەل کە بۆ یەکەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و لاهوور شێخ جەنگیی سەرۆکایەتی دەکات، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 121 بەربژێریان دەبێت.
 
شادومان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سلێمانی 43 بەربژێر، لە هەولێر 40 بەربژێر، لە دهۆک 35 بەربژێر و لە هەڵەبجەش 3 بەربژێریان دەبێت.
 
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی لاهوور شێخ جەنگییە، لە هەولێر شادومان مەلا حەسەن، لە دهۆک زکری زێباری و لە هەڵەبجە رەزا نەورۆڵییە.
 
کۆمەڵ 59 بەربژێری هەیە
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە.
 
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت، لە بازنەی هەولێر 15 بەربژێریان هەیە، لە بازنەی سلێمانی 32 بەربژێر، لە دهۆک 6 بەربژێر و لە هەڵەبجەش پێنج بەربژێریان هەیە.
 
سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەکان ئەمانەن؛ بازنەی هەولێر؛ عەبدولستار مەجید، بازنەی سلێمانی، عومەر گوڵپی، لە دهۆک مامۆستا عەنتەر و لە هەڵەبجەش مامۆستا عەباس سەرۆکی لیستەکەن.
 
یەکگرتوو 71 بەربژێری هەیە
 
لە چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان یەکگرتووی ئسیلامیی کوردستان 71 بەربژێری هەیە. مستەفا عەبدوڵڵا، یەکێک لە بەربژێرانی حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سلێمانی 22 بەربژێر، لە دهۆک 20 بەربژێر، هەولێر 13 بەربژێر و لە هەڵەبجەش شەش بەربژێریان هەیە.
 
مستەفا عەبدوڵڵا، کە هاوکات کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، سەرۆکی لیستی حیزبەکەیەتی لە بازنەی پارێزگای سلێمانی، د. محەممەد هاودیانی سەرۆکی لیستە لە بازنەی هەولێر، لە بازنەی دهۆک سەعید عەلی عەبۆ سەرۆکی لیستە و لە هەڵەبجەش کاوە عەلی، سەرۆکایەتی لیستی یەکگرتوو دەکات.
 
رەوتی هەڵوێست 74 بەربژێری هەیە
 
رەوتی هەڵوێست کە پارتێکی نوێیە و بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان سەرۆکایەتییان دەکات، 74 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە.
 
بەربژێرێکی حیزبە نوێیەکە بە رووداوی گوت، لە هەر چوار بازنەکەدا بەربژێرەکانیان رکابەری بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
 
لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو بژمێر لە کەرکووک خێزانێک لە سەرژمێری تۆمار دەکەن. وێنە: رووداو

کوردانی کەرکووک لە ئەورووپاوە بە لێشاو گەڕاونەتەوە بۆ بەشداری لە سەرژمێری

ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دیاسپۆرانشین بۆ خۆتۆمارکردنیان لە پرۆسەی سەرژمێری گەڕاونەتەوە کەرکووک. دیار کوێخا یەکێکە لەو کوردانە کە 20 ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بۆ سەرژمێری گەڕاوەتەوە