دەرگەی تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکان لە کۆمیسیۆن داخرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای جارێک درێژکردنەوەی، کاتی تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات.
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆوە کاتی تۆمارکردنی ناوی لیست و بەربژێران کۆتاییهات و هیچ لیستێکی دیکە وەرناگرین".
15ـی تەممووز کۆمیسیۆن وادەى وەرگرتنى لیستى بەربژێرانى بۆ سێ رۆژ درێژ کردەوە بۆ دەرفەتدان بە بەشداریى زۆرترین لایەن لەو هەڵبژاردنەکەى کە بڕیارە لە 20ـی تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بکرێت.
مەروان محەممەد گوتی، دوای کۆتاییهاتنی وەرگرتنی ناوی لیست و بەربژێران پڕۆسەی وردبینی لە ناوەکان دەکرێت، دواتر تیروپشک بۆ ژمارەی حیزب و بەربژێرەکان دەکرێت.
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.