پارتی لیستی بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کرد

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ کە دوایین رۆژە بۆ پێشکێشکردنی ناوی لیست و بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لیستی بەربژێرەکانی بەفەرمی رادەستی کۆمیسیۆن کرد.
 
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی گوت، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێش کردووە و بوون بە 13 حیزب کە خۆیان تۆمار کردبێت.
 
مەروان محەممەد گوتی، لە بازنەی هەولێر 32 کورسی پەرلەمان هەیە، هەر حیزبێک بۆی هەیە دوو بەرامبەری ئەو ژمارەیە، واتا 64 بەربژێری هەبێت. گوتیشی: "بۆ وردبینی دەواممان بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ وەرگرتنی لیست، تاوەکو کاژێر 14:00 حیزبەکان دەتوانن لیستەکانیان پێشکێش بکەن." 
 
لە هەولێر جگە لە 13 حیزب، دوو هاوپەیمانی و 28 بەربژێری سەربەخۆ خۆیان تۆمار کردووە. هەروەها 14 بەربژێری کۆتای تورکمان و 6 بەربژێری کۆتای کریستیانیش هەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیستەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 64 بەربژێرن.
 
مەروان محەممەد گوتی، دوای کۆتاییهاتنی وەرگرتنی ناوی لیست و بەربژێران،  پرۆسەی وردبینی لە ناوەکان دەکرێت، دواتر تیروپشک بۆ ژمارەی حیزب و بەربژێرەکان دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە چوار پارێزگاکەدا 172 بەربژێریان دەبن.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو پارتی لە هەر چوار پارێزگا 192 بەربژێری هەیە. 
 
سەرۆک لیستەکانی پارتی پێکدێن لە :
 
- پارێزگای هەولێر:
 ڤاڵا فەرید
 
- پارێزگای سلێمانی:
هۆشیار سدیقەفەنی
 
- پارێزگای هەڵەبجە:
هۆشیار حوسێن بەگ
 
- پارێزگای دهۆک:
حاکم محەممەد ئەمین شەرەفانی