لە سلێمانی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دروستبوو

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەند بڕیاربوو ئەمڕۆ پێشمەرگە مووچەی دوو مانگ پێکەوە وەربگرن، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگەی هێزەکانی 70ـی یەکێتی، تەنیا مووچەی یەک مانگ وەردەگرن و مووچەی مانگی شەشیان دوادەخرێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن، کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردووە.
 
نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی یەکەی 70 لە بانکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی مووچە وەردەگرن. شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تەواوی ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە بانکەکەمانە، مووچەی مانگی پێنجیان وەردەگرن، بەڵام نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە ناویان تەنیا لە لیستی مانگی پێنجدایە و مووچەی مانگی شەشیان پێنادرێت." 
 
شۆخان عومەر دەڵێت، بە ئەوانیان گوتووە، ئەو پێشمەرگانەی یەک مووچەیان پێدەدەرێت، مووچەی دووەمیان لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا پێدەدرێت.
 
هەر ئەمڕۆ ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لای ئێمە هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و مووچە دابەش دەکەین بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی بڵاوی کردووەتەوە." 
 
هاوکات چەند پێشمەرگەیەکی یەکەی 70 لە قەزای چەمچەماڵ بە رووداویان گوت، لای ئەوانیش کێشە بۆ دوو مووچەکەیان دروستبووە و تەنیا یەک مووچەیان پێدراوە.
 
بەهۆی تێبینی لە لیستی مووچەخۆرانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانە دواکەوتبوو تاوەکو 16ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.