رووداو ناسنامەی هەشت هاونیشتمانیی نێو بەلەمە تێکشکاوەکەی ئیتاڵیا بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژی رابردوودا دوو بەلەم لە سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتوون و دەنگۆی ئەوە هەیە بەشی زۆری سەرنشینی بەلەمێکیان کورد بوون. بە گوتەی کەسوکاریان بۆ رووداو، دوو خێزان لە یەکێک لە بەلەمەکاندا بوون کە دوو پیاو، دوو ژن و دوو منداڵ بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2024، هاونیشتمانییەک بەناوی حاجی وەرتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێو بەلەمەکەدا دوو ئامۆزای من و دوو منداڵیان هەبوون و چارەنووسیان نادیارە".
هەژار مەولوود و سازگار عوسمانی هاوژینی و هەردوو منداڵەکانیان بەناوی مەروان و محەممەد، کەسوکاری حاجی وەرتین و لەنێو بەلەمەکەدا بوون و چارەنووسیان نادیارە.
هەروەها حەسەن مەلا نەبی، برای یەکێک لەو کەسانەی وەک خۆی دەڵێت لە بەلەمەکەدا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خوشکەکەم ناوی خونچەیە، زاواکەمان ناوی ئارام عەبدولڕەحمانە و دووکچەکەیان بە ناوەکانی مەنسا و مەیلی لەنێو بەلەمەکەدا بوون".
حەسەن مەلا نەبی دەڵێت، خوشکەکەی دووگیان بووە و بڕیار بووە مانگی داهاتوو منداڵی بێت. گوتیشی: "قاچاخچییەکەیان کوردە و لە تورکیایە، لەگەڵ ئەودا قسەمان کرد و گوتی 'خوشکم و هاوژین و منداڵەکانی لە بەلەمەکەدا بوون'."
کەسوکارەکەی حەسەن مەلا نەبی لە مانگی 11ـی ساڵی 2023ـەوە لە تورکیان و چەند جارێک ویستوویانە بە بەلەم بچنە ئەورووپا، بەڵام بەهۆی شەپۆلی دەریاوە گەشتەکەیان دواخستووە.
هەردوو خێزانەکە دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون؛ ئێستا کەسوکاریان چاوەڕوانی هەواڵی دڵنیاکەرەوەن لە بەرپرسانی ئیتاڵیاوە بۆ زانینی چارەنووسی رۆڵەکانیان.
17ـی حوزەیرانی 2024، تیمێکی فریاگوزاریی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە، توانیویانە 51 لەو کۆچبەرانە رزگاربکەن و 10 کۆچبەریش خنکاون.