ژمارەیەک خوێندکاری بەشەناوخۆیی لە هەولێر پاشماوەکانیان لە نهۆمەکانی سەرەوە هەڵدەدەنە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک خوێندکاری بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت لە هەولێر، لە نهۆمی سەرەوە پاشماوە فڕێدەدەنە خوارەوە، زانکۆی سەلاحەدینیش هەڕەشەی سزادانیان دەکات، ئەگەر نەگەڕێنەوە و پاشماوەکان پاکنەکەنەوە.
 
ژمارەیەک خوێندکاری بەشە ناوخۆییەکە کە خۆیان دیمەنەکەیان تۆمار کردووە، لە پەنجەرەی ژوورەکەیانەوە، پەرداخی شووشە، کەرەستەی شووشە کە جێگەی هەڵگرتنی خواردنە، دەبەی پلاستیک و مەنجەڵی فافۆن هەڵدەدەنە خوارەوە.
 
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ (شەممە، 18-5-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو خوێندکارانەی ئەو کارەیان کردووە دەستنیشان کراون، بەڵام ئاشکرایان ناکەین، بۆ ئەوەی خۆیان بگەڕێنەوە و خاوێنی بکەنەوە، ئەگەر وانەکەن بە دڵنیاییەوە بڕوانامەی دەرچوونیان پێنادرێت."  
 
بەگوتەی سامان عەبدوڵڵا، خوێندکارەکان دوای تاقیکردنەوەکانیان ئەو کەرەستە و شتومەکانەیان هەڵداوەتە خوارەوە. گوتیشی "دەبێت شوێنەکە خاوێن بکەنەوە، دواتریش بەشی یاسایی زانکۆ چ بڕیارێک دژیان دەدات، ئەوە ئەوان دەزانن." 
 
زانکۆی سەلاحەدین نزیکەی 27 هەزار خوێندکار و دوو هەزار و 600 مامۆستا و پێنج هەزار فەرمانبەری هەیە. زانکۆکە پێکهاتووە لە 16 کۆلێژ و 85 بەشی ئەکادیمی.