بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر: تاوەکو دوای جەژن چەکی پارەی گەنمی جووتیاران کۆتایی دێت

رووداو - رادیۆ

لە سایلۆی هەولێر چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016 دەدرێتە جووتیاران و قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت، 27 هەزار چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەو سێ ساڵە هاتووەتەوە و رۆژانەی نزیکەی 800 چەکی پارە دەدەنە جووتیاران، دەشڵێت،" بۆیە ئەو ژمارە زۆرە رۆژانە بەڕێدەکەین بۆ ئەوەی پێش وەرزی وەرگرتنی دانەوێڵە، کۆتایی بەو چەکانە بهێنین."
 
سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر ناوەندەکانی پێدانی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دروستبووە و هۆکارەکەش ئەوەیە چەکێکی زۆری پارەی گەنمی جووتیاران هاتووەتەوە کە 27 هەزار چەک دەبێت و ئێستا زیاتر لە 70٪ی چەکەکان کۆتایی هاتووە و رێژەیەکی کەمی ماوە تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان کۆتایی بەهەمووی دێت.
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی:" پێدانی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بەگوێرەی بنکەکانی وەرگرتنی گەنم دەبێت و ئێستا رۆژانە لەنێوان 600 بۆ 800 چەکی پارە دەدەینە جووتیاران، هەرچەندە بانک داوا دەکات رۆژی 250 چەک بدەینە جووتیاران، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پێش وەرزی وەرگرتنی گەنم و دانەوێڵە کۆتایی بە پێدانی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بهێنین".
 
سەعید عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چەکانە پارەی گەنمی ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016یە، دوا پارەی گەنمی جووتیارانە و زۆرینەی چەکەکان کۆتایی هاتووە و ئێستا تەنیا پارەی گەنمی ساڵی 2016 ماوە و ئەوەش تاوەکو دوای جەژن کۆتایی دێت.
 
لەبارەی دروستبوونی قەرەباڵخییەوە لەناوەندی پێدانی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت:" پێدانی چەکەکان پرۆسەیەکی وردە و دەبێت، جووتیارەکە خۆی پەنجەمۆر بکات یان بریکاری بۆ کەسێک کردبێت، ئەگەریش لە ژیاندا نەمابێت ئەوا دەبێت بەڵگە و پەڕاوی دادگەی "قەسام شەرعی" پێبێت". 
 
سەعید عومەر دەشڵێت، پێدانی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بەگوێرەی ئەو بنکە گەنمانەیە کە لەو ساڵانەدا گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، چونکە لەو ساڵانەدا گەنمێکی زۆر وەرگیراوە و ئیستا تەنیا بنکەکانی گردەڕەشە ماون، ئەمڕۆ و سبەی دەستپێدەکات و دوای جەژن کۆتایی بە هەمووی دێت.