لە کفری بەهۆی رووخانی کەنێکەوە بەسەریدا گەنجێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری قەزای کفری، کەنێک بەسەر گەنجێکدا رووخا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیان هۆکاری رووخانەکە بارانی چەند رۆژی پێشوو بووە.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەمی گەڕەکی ئەوبەری قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، کەنێک بەسەر گەنجێکدا رووخا کە شوان بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
قدووری گوتی، هۆکاری داڕووخانی کەنەکە بە تەواوی روون نییە و لێکۆڵینەوەیان لە چۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە. گوتیشی: "بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پێدەچێت بەهۆی تەڕی زەوی و بارانی چەند رۆژی رابردووەوە کەنەکە رووخابێت".
 
ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی شاهۆ شێروان حاجی حوسێنە و تەمەنی 22 ساڵ بووە. تەرمی گەنجەکە دەرهێندراوە و بۆ توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کەلار کراوە.