د. هێمن هەورامی: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوان و چاودێری هەڵبژاردنی کوردستان بن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستاندا، هاوكار و پشتیوان و چاودێریی پرۆسەی بهرێوهچوونی ههڵبژاردنێكی شهفاف و سهركهوتووبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-04-2022 د. هێمن ههورامی پێشوازی له ریكاردۆ رۆدریگێز، بهرپرسی یۆنامی له ههرێمی كوردستان كرد.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، باسی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان کرد بە گوێرەی وادە یاساییە دیاریکراوەکان و داوای له نهتهوهیهكگرتووهكان كرد هاوكار و پشتیوان و چاودێری پڕۆسەی بهرێوهچوونی ههڵبژاردنێكی شهفاف و سهركهوتووبن.
د.هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هاوكاربن بۆ ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران بە باشترین شێوە و هاوئاهەنگ بێت لە نێوان هەردوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وەرگرتنی تۆماری بایۆمەتری عێراق لەکاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، تاوەکو بتوانن بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان سوود لە تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەربگرن.
سهبارهت به گفتوگۆی نێوان فراكسیۆنهكانی پهرلهمانی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، جێگری سهرۆكی پهرلهمان گوتی، "لێکتێگەیشتن لە نێوان لایهنهكان ههیه و فراكسیۆنهكانیش هاوڕان بهبێ رێكکهوتن و گهیشتن بە خاڵی هاوبهش له یاسای ههڵبژاردن، پاش خوێندنهوهی یهكهم و دووهم نهخرێته دهنگدان تاوهكو ههموو لایهك بگهنه خاڵی هاوبهش و سازان و جیاوازییهكانیان كهمتر بكرێتهوه".
هەروەها جهختی كردەوه كه دهبێت ماف و نوێنهرایهتیی پێكهاتهكان پارێزراوبێت و فراكسیۆنهكانیان و دامهزراوهی حیزبی، سیاسی، ئایینی، كۆمهڵی مهدهنی و كهسایهتی ئهكادیمییهكانیان خۆیان بڕیاربدهن كه شێوهی نوێنهرایهتییان دەبێت چۆن بێت و نابێت هیچ لایهك ئیرادهی خۆی بهسهریاندا زاڵ بكات.
جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان ئاماژهی به رۆڵی نێردهی نهتهوهیهكگرتووهكان له عێراق كرد و رایگهیاند؛ "گرنگه كه له مانگی ئایاری ئهمساڵ كارهكانی نێردهی نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ عێراق نوێ بكرێتهوه، تاوهكو هاوكار و هاوئاهەنگبن بۆ سهرخستنی پڕۆسهی ههڵبژاردن له ههرێمی كوردستان و لەگەڵ ناوەند و رێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن هاوئاهەنگی بکەن، بۆ چاودێری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە".
جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لەنێوان لایەنەکان و بە دیاریکراوی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمپەری لە بەردەم دانیشتنی پەرلەماندا دروستکردووە، چونکە پارتی خاوەن گەورەترین فراکسیۆن و سەرۆکی پەرلەمانیش لە فراکسیۆنی یەکێتییە.
پێنجشەممە 14-04-2022 زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەروەها بەپێی رێککەوتنی گۆڕان و پارتیش، دەبێ لە هەموو پرسێکدا رێککەوتن لەنێوان ئەو لایەنانەدا بکرێت، بۆیە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، پێویستی بە رێککەوتنی پێشوەختەیە و پێشتریش چەند لایەنێک یاداشتیان داوە بە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت.زیاد جەبار گوتی: "سەرۆکی پەرلەمان ئەرکێکی یاسایی هەیە، بەڵام بەدەر نییە لە سیاسی، راستە ئەرکییەتی پارێزگاری لە پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێ، بەڵام کارەکانیش دەبێ بە یەکڕیزی ئەنجامبدرێن، لە خولی پێشوو پارتی بە بیانووی یەکڕیزی پەرلەمانی داخست، خێرە ئێستاش دەیەوێ لەبەر داوای یەکڕیزی پەرلەمان پەکبخات".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە زۆر ئەستەمە بەبێ رێککەوتن و سازانی پێشوەختە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دانیشتن.
هاوکات زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان گفتوگۆی و رێککەوتنی پێشوەختەی ناوێ، ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی سەرۆکی پەرلەمانە بانگهێشتی دانیشتن بکات.
زانا مەلا خالید گوتی: "دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تایبەت نییە بە هەڵبژاردن، زۆر پڕۆژەی دیکە هەن کە پەیوەستن بە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە و دەبێ یەکلایی بکرێنەوە، بۆیە لەمپەر دروستکردن لەبەردەم دانیشتنەکانی پەرلەماندا، هیچ بیانوویەکی یاسایی و پەیڕەوی نییە".
رۆژی چوارشەممە 13-04-2022 د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پێویست بوو كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان كارا بكرابایهوه و جێگەی کۆمیسیارهكانیش پڕبکرابایهوه، هاوكات ئەو بابەت و یاداشت و راپۆرتانەشی كه پەیوەستن بە دۆخی دارایی و کاری پەرلەمانی بخرێنه بهرنامهی كارى دانیشتنهكانی پهرلهمان، چونكه هیچ بیانوویهكی سیاسی بۆ دواخستنی كاراكردنهوهى كۆمیسیۆن نهماوه".
سهبارهت به مافی پێكهاتهكانیش، جێگرى سهرۆكی پهرلهمان جەختی لهسهر ئهوه كردهوه کە دەبێت ماف و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و خواستی پێکهاتەکان لە فراکسیۆنە جیاجیاکانیان لە پەرلەمان، دامەزراوە سیاسی، ئایینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، نوخبەی پێکهاتەکان و جەماوەرەکەیان لەسەر شێوە و جۆر و کورسییەکانیان لەلایەن خۆیانەوە بڕیاری لێبدرێت.
پێنج لایەن داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و گرفتە سەرەکییەکەش هەر ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری دەڵێن، دەبێت یەک بازنەی هەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنە و دەستکاریی پێکهاتەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش بکرێت. لە وەڵامی رێکنەکەوتنی پارتی و ئەو لایەنانە، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی سەرۆکی فراکسیۆنەکان، نابێت پارتی باسی زۆرینە و کەمینە بکات، چونکە هەڵبژاردن پرسێکە، رەهەندی نیشتمانی هەیە.
لە بەرامبەردا، جگە لە پارتی کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە لە پەرلەمان، حیزبەکانی شیوعی، زەحمەتکێشان، سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەک بازنەیی دان.
رۆژی 05-04-2022 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەشڵێت، "ئێمە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان ناکەین بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان، بەڵکو هۆشداریی پێدەدەین".
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، لە پێنج کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان کە دانوستاندنیان کردووە، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیانوابووە کە نابێت کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن دروستبکرێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەو بژارەیەن کە کۆمیسیۆن وەکو خۆی کارابکرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "بەداخەوە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی 13-03-2022 لایەنگیری تەواوی تەنیا هێزێکی سیاسیی لەنێو پەرلەمانی کوردستان کرد، وەکو ئەوەی بیری چووبێت بە دەنگی زۆرینەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانمان بووەتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە مومارەسەنەکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیاریکردنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، لەوەی پەرلەمان پەکبخرێت بە بیانووی ئەوەی کە هێزەکەی ئەو داوایەکی هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بیانوویەکە لە دەرەوەی پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان و یاسا بەرکارەکانە لە هەرێمی کوردستان".
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پارتی هەر بڕیارێک بدات دەبێت دەرئەنجامەکەشی لەئەستۆ بگرێت، "سیستمی یەک بازنەیی قۆناخەکەی بەسەرچووە، دەبێت هەرێمی کوردستان دابەشی چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بکرێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکرێتەوە، ئێمە ئومێدەوارین پارتی تەفاهومی بۆ ئەم پرسە هەبێت، ئەگەر نەیبێت، دەبێت تەحەمولی لێکەوتەکانی بکات".
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بە خۆشحاڵییەوە فراکسیۆنی پارتی واژۆی لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە کردووە کە بە هیچ شێوازێک پەنا بۆ زۆرینە نەبرێت تاوەکو بتوانین بە لێکتێگەیشتن و سازان پرسەکان یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر پارتی تاکلایەنە دەست بۆ ئەمە ببات، ئەوا قەیرانێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات".
لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی سەرۆکایەتی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان و کارانەکردنەوەی کۆمیسیۆن وایانکردووە، ئەگەر رێکیشبکەون، کۆمیسیۆن بەهۆی پێویستیی بە لانیکەم شەش مانگ دەرفەت، نەتوانێت لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببات.