دوو کاتیۆشا لەنێو کفری کەوتنەخوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو کاتیۆشا لەنێو کفری کەوتوونەتە خوارەوە، قایمقامی کفریش هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، کەسێک برینداربووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 18-04-2021، کاژێر 07:21 خولە کاتیۆشاکان کەوتوونەتە خوارەوە. هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، یەکێک لە کاتیۆشاکان لەنێو گەڕەکی ئیمام محەممەد و ئەوەی دیکەش لەنێو بازاڕی کفری کەوتوونەتە خوارەوە.
 
سیروان شکور، قایمقامی کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گوللەی دوو کاتیۆشاکەمان دۆزیوەتەوە، کە یەکێک لە گەڕەکی ئیمام محەممەدە و ئەوەی دیکەش لەنێو بازاڕ کەوتوونەتە خوارەوە".
 
سەبارەت بە زیانەکان، قایمقامی کفری ئاماژەی بەوەدا، کە لە رووداوەکەدا کەسێک برینداربووە و "هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
 
ئیدارەی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەیەوە دەڵێت، کەسێک بە سووکی بریندار بووە، "لێرەوە رایدەگەیێنین، ئێستا باری ئەمنیی کفری ئاساییە و ھێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنی خۆیان و لە دەوروبەری کفری جێگیرکراون و ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیانیش بۆ پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە لە کفریە، دەزگا ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە چۆنێتی کردەوە تیرۆریستییەکە دەستپێکردووە. ئەوەش دووپاتدەکەینەوە بەم کردەوە ترسنۆکانە، تیرۆریستان ناتوانن ئارامی و ئاسایشی کفری تێکبدەن و پشێوی دروست بکەن".


 
 
ئەو هاونیشتمانیەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە کاتیۆشاکان برینداربووە، ناوی عەلی رەشیدە لە سەرای کۆنی کفری برینداربووە و ماڵەکەی وێران بووە.
 
هەروەها لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا دۆخی ئەمنیی کفری ئارامە.