گۆڕانکارى لە دوو پۆستى کەرکووک دەکرێت "بەربژێرى ناوخۆ هەبوون و خەڵکى دەرەوە دانراون"

رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق گۆڕانکارى لە دوو پۆستى وەزارەتەکە لە کەرکووک دەکات، دوو بەرپرس لەو پۆستانە دادەنێت، کە خەڵکى پارێزگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقن، لە کاتێکدا بەر لە رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەر، ئەو پۆستانە بەدەست کوردەوە بوون.
رۆژی 11ـی ئادارى 2025، عەلى عەبدولکەریم موسەوى، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاکانی هێڵەکانى نەوت، بە نووسراوێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، بڕیاریداوە جاسم محەممەد حەڵەف، بەڕێوەبەرى بەشى عەمبارى نەینەوا و بریکارى یەکەمى بەڕێوەبەرى دەستەى ئۆپەراسیۆکانى باکوور لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور لەو دوو پۆستە لابدرێت کە پێکەوەن، لە برى ئەو نەسیر عەلى ئەحمەد ئەو دوو پۆستە وەربگرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بەرلە رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017، ئەو پۆستە بەدەست کوردەوە بووە، دواتر دراوەتە عەرەبێکى خەڵکى شارەکە، بەڵام نەسیر عەلى کە ئێستا پۆستەکەى وەرگرتووە، خەڵکى پارێزگای کەرکووک نییە.
لە نووسراوێکى دیکەدا کە 25ـی شوباى 2025 لە کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى سەر بە وەزارەتى نەوتەوە دەرکراوە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەى نزار قاسم حەمادى بۆ لقى کەرکووکى کۆمپانیاکە ،تاوەکو ببێتە سەرۆکى بەشى رێگەپێدانى ئەمنى، کە بەگوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لەو کۆمپانیایە؛ ئەرکى رێکخستنى کارى کۆمپانیاکانى نەوت و کارمەندەکانى دەبێت لە سنوورى کەرکووک.
ئەو پۆستە بەر لە رووداوەکانى 16ـی ئەکۆتبەرى 2017، بەدەست کوردەوە بووە و دواتر درابووە تورکمانێکى شیعە.
هۆشیار هیجران، ئەندامى لیژنەى نەوت و وزەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: گۆڕانکارى کارگێڕى لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور، کۆمپانیاى گازى باکوور، سەرۆکایەتیی زانکۆکان لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى پارێزگا نییە و مەرکەزین.
رووداو زانیویێتى 5 بۆ 6 بەربژێر بۆ ئەو دوو پۆستە هەبوون، خەڵکى کەرکوک بوون و ئاراستەى وەزارەتى نەوت کراون، کە یەکێکیان کورد بووە، بەڵام رەزامەندى لەسەر هیچ کامیان نەدراوە.
هۆشیار هیجران گوتى: "بەدواداچوون بۆ ئەو پرسەکە دەکەین و دەیگەیێنینە پارێزگار."