گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێین وشکەساڵییە

18-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نابێت تەنیا لەسەر بنەمای کشتوکاڵی بڕیار لەسەر وشکە ساڵی بدرێت، تاوەکو ئێستا لە هیچ ناوچەیەک وشکە ساڵییان رانەگەیاندووە.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێین کە وشکەساڵییە، راستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەولێر بارانی پێویست نەباریوە، بەڵام بەو مانایە نایەت کە وشکەساڵی بێت."
 
وەرزی بارینی رابردوو، لە سەنتەری هەولێر 242.2 ملیم باران باریبوو. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا لە سەنتەری هەولێر 82.4 ملیم بارانباریوە."
 
هیوا عەلی گوتی، "تاوەکو دوو مانگی دیکەش کاتی بارانبارین ماوە، ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بارانی پێویست ببارێت، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ ناوچەیەک وشکەساڵیمان رانەگەیاندووە."
 
سەبارەت بە راگەیاندنی وشکەساڵی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی دەڵێت، "وشکەساڵی فرە رەهەندە، ناتوانین تەنیا لەسەر یەک رەهەند وشەکەساڵی رابگەیێنین، پێویستە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوی ژێر زەوی، بەنداوەکان، ژینگە، بەروبوومی ئالیک و ئاسایشی خۆراک وەربگیرێت دوای بەروارد کردن ئەگەر لە رێژەی ستاندارد کەمتربوو ئەوکات دەتوانن رایبگەیێنن کە وشکەساڵییە."
 
لەبارەی بەرهەمی گەنم هیوا عەلی ئاماژەی بەوەکرد، "دۆخی چاندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە باشترە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، چونکە بڕی بارانبارین لەو دوو پارێزگایە باشتر بووە، بە بەراورد لەگەڵ دهۆک و هەولێر چونکە هیچ کامیان بڕی بارینی پێویستی ئەم وەرزەیان تێنەپەڕاندووە."
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو لە یەک ملیۆن تۆن. بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، " چونکە ئەم ساڵ بارانمان کەمترە و بەرهەمی گەنمیش کەمتر دەبێت."
 
دوایین ئاماری بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 9-2-2025.
 
ناوەندی هەولێر؛ 82.4ملم
عەنکاوە:93.7ملم
شەقڵاوە؛ 152ملم
هەریر؛ 148.5ملم
کۆیە؛ 104.5ملم
سۆران؛107.1ملم
چۆمان 0.6ملم
 
ناوەندی سلێمانی؛ 254.4ملم
هەڵەبجەی تازە؛ 246.2ملم
چەمچەماڵ؛ 156.9ملم
دەربەندیخان 256.6ملم
 
ناوەندی دهۆک؛ 51.3ملم
سێمێل؛ 83.8ملم
شێخان؛ 103ملم
ئامێدی؛ 253ملم
بەردەڕەش؛ 119.6ملم
ئاکرێ؛ 141.2ملم
 
ناوەندی هەڵەبجە؛ 276.8ملم
خورماڵ؛ 282.8ملم
تەوێڵە؛394.7 ملم
بیارە؛ 384ملم

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە