کارکردن لەو زەوییانەی سەرگەڕان کە کێشەیان لەسەر نییە ئاسایی دەبێتەوە

18-02-2025
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
تاوەکو کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت، ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەر نییە، کارکردن تێیدا ئاسایی دەبێتەوە.
تاوەکو کێشەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت، ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەر نییە، کارکردن تێیدا ئاسایی دەبێتەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە 40 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق چوونە شەناغە و هەر لە گوندی شەناغە، کۆبوونەوەیەکی فراکسیۆنە کوردیەکانیان ئەنجامدا. 
 
پەرلەمانتارانی کورد رایانگەیاند، لەسەر رووداوەکانی ناوچەکە داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکەن و دەبێ لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەفسەر و سەربازەکانی سوپا لەو ناوچەیە بکرێت.
 
مەلا کەریم شکور، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەوبارەیەوە گوتی، "ئەو ئەفسەر و سەربازانەی لەم سنوورە رۆڵیان لەم بابەتە هەبووە و دەستیان هەبووە لە دەستدرێژیکردنەکە سەر خەڵک، دەبێت لیژنەی لێپێچینەوەیان لەسەر پێکبهێنرێت و بدرێنە دادگە."
 
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقیش لەگەڵ شاندێکی سەربازی سەردانی جووتیارانی کوردی کرد و پێیان راگەیاندن، ئەگەر ئارام بگرن چەند رۆژێکی دیکە کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت.
 
فەریق سەعد نعێمی، لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بە کوردەکانی ناوچەی گوت، "ئەمڕۆ زانیمان یاساکە لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ئەوەی ماوە قۆناخی جێبەجێکردنیەتی، بابەتی جێبەجێکردن وردەکاری زۆری تێدایە و راسپاردەی تێدایە، فەرمانی تێدایە بۆ هێزە ئەمنییەکان، ئەوکات جێبەجێدەکرێت."
 
دوای هەوڵی هەموولایەک لەسەر کێشەکە، بڕیار درا تاوەکو جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، جووتیاران دەست بەکاربن لەسەر زەوی و زارەکانیان، جگە لەو چەند پارچە زەوییەی کێشەی لەسەرە.
 
ئیبراهیم حەسەن، جووتیاری شەناغەیە و لەبارەی دەستبەکاربوونەوەیان دەڵێت، ئەگەر کێشە بۆ ئەم بڕیارە دروست نەکرێت، بەشێوەی کاتی چارەسەرێکی گونجاوە.
 
ئیبراهیم حەسەن، جووتیاری گوندی شەناغەیە و لەبارەی بڕیارەکە دەڵێت، "ئێستا کە سوپا وازی لەو زەویانە هێناوە و دەڵێت، تەنیا ئەو زەویانەی کێشەیان لەسەر کارکردن تێیاندا بووەستێت، کارێکی باشە. چوار بۆ پێنج هەزار دۆنم زەوی قوربانی 50 دۆنم نەکەین. ئەو 50 دۆنمەس کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت، کارکردن تێیاندا وەستێندراوە."
 
بەشێکی دیکە لە جووتیاران بڕوایان وایە، تاوەکو مانەوەی ماڵە هاوردەکان لەسنوورەکە و باڵادەستی رەهایی سوپا، ئەگەر بڕیاریش بۆ چارەسەری کێشەکان دەربچێت، بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێت.
 
فاخیر، جووتیاری گوندی پەڵکانەیە و لەبارەی بوونی عەرەبەکان لە گوندی پەڵکانە دەڵێت، "لەنێوان 40 بۆ 42 گوند، پێنج ماڵی عەرەبی لێیە، بۆچی لێرەن، کاتێک زەویان نییە و بە یاسا زەوی بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە، تەنیا بۆ سەرئێشە لێرەن."
 
لەکۆی 42 گوندی سنووری سەرگەڕان، نزیکەی پێنج مانگە سوپای عێراق لە 5 گوندی سنوورەکە رێگری لە جووتیاران دەکات بچنە سەر زەویەکانیان و بیکێڵن.
 
جووتیارانی  ناوچەکەش بەگژ ئەو رێگریانەدا چوونەوە، دوای ئاڵۆزییەکانی رۆژی دووشەممە، ژمارەیەکی زۆری جووتیاران چوون بۆ پشتیوانی ئەم پێنج گوندانە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە