عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بۆ رووداو: سەرۆکی سۆسیالیست هێزی ناردە سەرم
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هێزێکی سەربازی بە فەرمانی سەرۆکی پارتی سۆسیالیست چوونەتە سەر ماڵەکەی لە گوڵەخانە.
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێو سۆسیالیست، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند: "هێزێک دروستکراوە، کە سەر بە یەکەی 80یە و نزیکەی 600 کەس دەبن، ئەمڕۆ ئەو هێزە نێردراوەتە سەر ماڵەکەم، هەندێک تەقە کراوە."
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود گوتی: "جارێ بڕیارم نەداوە، لە داهاتوودا بڕیار دەدەم."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گرژییە نوێیەکانی نێو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بەهۆی گۆڕینی بەرپرسی کاروباری پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیست (فەرماندەی هێزی سورێن) بووە.
سەرچاوەیەک لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای لادانی بەرپرسێکی حیزب، کە نزیکە لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، کوڕی ئەو بەرپرسە لە شارەزوور تەقەی کردووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، کە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، سەڵاح عەلی، بەرپرسی کاروباری پێشمەرگە بە بڕیاری سەرۆکی حیزب لە پۆستەکەی لادرا کە بە کەسێکی نزیک لە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دادەنرێت. لە شوێنی ئەویش حوسێن خەلیفە دانرا."
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب نییە، بەڵکو پێوستی بە مەرسوومی هەرێمی و فەرمانی وزاری هەیە.
سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هێزمان ناردووەتە شوێنەکە، تەنیا بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایش."
لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتووەتە نێو حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشیی بەختیاری.
بەپێی ئەوا وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیالیستە لە دواییین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی، کە رۆژی پێنجشەممە لە گوڵەخانە کراوە، بەشداری نەکردووە.
دوای بەشدارینەکردنی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لە کۆبوونەوەکە، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە بە بڕیاری سەرۆکی حیزب، لە حیزبەکە سڕکراوە، بەڵام عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی، "ئاگادار نیم لە حیزب سڕکرابم." هەروەها گوتی، "پەیڕەوی ناوخۆی حیزب هەیە، هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت بەپێی پەیڕەو بێت."