سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: داوای ئازادکردنی ئەو هاووڵاتیانە دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای ئازادکردنی ئەو 5 هاونیشتمانییەی بادینان دەکات کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و رایدەگەیێنێت، "دادگاکان سەروەری و بێلایەنی خۆیان بپارێزن".
 
دادگای تاوانەکانی 2ـی هەولێر لە 16-2-2021 بڕیاری زیندانی شەش ساڵی بۆ 5 هاونیشتمانیی دەڤەری بادینان دەرکرد. سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەپێویستیی دەزانێت "لە هەرێمی کوردستان تەواوی ئازادی رادەربڕین و چالاکیی مەدەنی دەستەبەر بکرێت و سەروەریی یاسا و رێکاری یاسایی بەپێی یاسا بەرکارەکانی بواری رۆژنامەگەریی و چالاکی مەدەنی بپارێزرێت و دادگاکان سەروەری و بێلایەنی خۆیان بپارێزن".
 
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی لەگەڵ تەواوی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندان لە هەرێمی کوردستان، جەختدەکاتەوە کە  "بڕیاری زیندانیکردنی چالاکوانان بە دوور بگیرێت لە ململانێی سیاسی و پێشێلکردنی سەروەریی یاساکان".
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای جێبەجێکردنی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ـی ساڵی 2007 بۆ کەیسی رۆژنامەگەریی و رۆژنامەنووسانی پیشەیی وەکو خۆی و لەسەر هەمووان دەکات. هەروەها رایدەگەیێنێت "لە بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە سەندیکا داوای ئازادکردنی ئەو هاووڵاتیانە دەکات".
 
پێنج گیراوەکەی پارێزگای دهۆک بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان سزادراون. رۆژی چوارشەممە 17-02-2021، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی دەڤەری بادینان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا " پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌کە به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز و نوێنه‌ری كۆنسوڵی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌".
 
ئەوانەی بە شەش ساڵ زیندانیی سزا دراون بریتین لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
 
ئاسۆ هاشم، پارێزەری سزادراوان، حوکمەکەی دادگا رەتدەکاتەوە و رایگەیاند "بڕیارەکە نادادیە و تووشی شۆکی کردین، تۆمەتەکان نەسەلمێنراون و تانە لە بڕیارەکە دەدەین بۆ راستکردنەوەی ناحەقیەکە".