مامۆستایانی کەرکووک بایکۆتی خوێندن ناکەن
رووداو- کەرکووک
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بڕیاریانداوە سەرەڕای دواکەوتن و کەمکردنەوەی مووچەکانیان بە هیچ شێوەیەک بایکۆتی خوێندن نەکەن چونکە لە بەرژەوندی خوێندنی کوردی نییە لەو شارە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، دوای ئەوەی چەند جارێک مامۆستایانی کەرکووک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا وەک ناڕەزایەتییەک لەبارەی دواکەوتنی مووچەکانیان و رێژەی پاشەکەوتکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەگەڵ ئەوەش مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بریاریاندابووە کە بە هیچ شێوەیەک بایکۆتی خوێندن نەکەن.
لقی کەرکووکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەباشیان نەزانی لە کەرکووک بایکۆتی خوێندن بکرێت لەکاتێکدا لەکەرکووک لەپاڵ خوێندنی کوردی، خوێندنی عەرەبی و تورکمانی و سریانی هەیە، ئەوان پێیانوابوو کە بایکۆت کردن لە بەرژەوەندی خوێندنی کوردی نییە لەبەر هەستیاری شاری کەرکووک.
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رۆژانی پێنجشەممە لەسەرجەم خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک کراوەتە پشوو و ئەو بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵ جێبەجێ دەکرێت.