مەسرور بارزانى و لەتیف رەشید چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە داڤۆس سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرد. 
 
رۆژی سێشەممە 17-01-2023، مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس له‌گه‌ڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. 
 
لە کۆڕبەندەکەدا 52 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیران و 600 گەورە بازرگانی جیهانی بەشدارن و پێشهاتە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان تاوتوێ دەکەن. 

 

 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور و کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق تاوتوێ کرا. 
 
کۆڕبەندەی داڤۆس بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و سەرووی 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن. لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانى و   لەتیف رەشید دا، د. فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەبوو.