سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕووندایە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانی شاندی حکومیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە." ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی هەموو لایەنەکانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی."
 
شاندێکی حکومیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە یاوەریی ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی لایەنەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لە شاندەکە کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ په‌يوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکومەتی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە، کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لەدەستدایە."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردووە، "جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن. ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لەیەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارێتییەوە هەنگاو بنێین."
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی به‌رده‌وامى چارەسه‌ری كێشه‌كانی نێوان حکومەتی فيدراڵيى عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "وێڕاى سه‌ختييه‌كانى رابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران به‌ڕێز محەممەد شیاع ئه‌لسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین."