دابەزینی بەهای دینار و کێشەکانی پارتی و یەکێتی؛ رەنگدانەوەیان لەسەر ئابووری و بازاڕ


رووداو دیجیتاڵ 

دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەلایەک و کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەکی دیکە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانی دروستکردووە. گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، "10٪ی کرێکارەکان دەرکراون." خاوەن پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت، "لەبەر بێبازاڕی هەفتەیەکە لەماڵەوە دانیشتووم." 
 
زیاتر لە دوو مانگە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دابەزین ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و رۆژی سێشەممە 17-01-2023 بەهای 100 دۆلار 160هەزار دیناری تێپەڕاند. 
 
وەرزێر عەلی، خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلە لە سلێمانی، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پار لە مانگێکدا 20 کڕین و فرۆشتنم دەکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر 30 رۆژی رابردوو بە نموونە وەربگرین، تەنیا چوار کڕین و فرۆشتنم کردووە".
 
"یەک لێدوانی بەرپرسان کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت"
 
رووداو بۆ هەواڵپرسینی بازاڕ، پەیوەندیی بە وەرزێر عەلییەوە کرد، هەرچەندە کاتی کار بوو، بەڵام لە ماڵەوە وەڵامی داینەوە و گوتی، "یەک هەفتەیە لەبەر بێبازاڕی نەچوومەتە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، بازاڕی ئێمە ئێستا نزیکە لە سفر." 
 
ئەو خاوەنەی پێشانگای ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوە سیاسییەکان، هاوشانی بەهای دینار، کاریگەرییان لەسەر بازاڕی ئەوان دەبێت "یەک لێدوانی بەرپرسان کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت و بە باش یان خراپ دەیگۆڕێت." 
 
هەڤاڵ عومەر: 15 رۆژە دوو کڕین و فرۆشتنم کردووە
 
هەڤاڵ عومەر، خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە، ئەو لە هەولێر کاردەکات و گلەیی لە دۆخی بازاڕ هەیە و دەڵێت، "بازاڕمان زۆر خراپە." 
 
هەڤاڵ عومەر دەڵێت: پێش ئەم دۆخە، لە یەک هەفتەدا 4-6 کڕین و فرۆشتنم دەکرد، بەڵام لە 15 رۆژی رابردوودا تەنیا دوو کڕین و فرۆشتنم کردووە، هەر کاتێک پەیوەندییەکان ئاڵۆزبن، کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئێمە دەبێت.
 
وەزارەتی بازرگانی: دابەزینی بەهای دینار و پەیوەندی پارتی و یەکێتی تاڕادەیەک نرخی گران کردووە
 
پێچەوانەی کاسبکار و بازرگانان، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە، دابەزینی بەهای دینار و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کاریگەری ئەوتۆی لەسەر بازاڕ نەبووە.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەرتی بازرگانی نەبووە و گوتی: "لەماوەی 15 رۆژی ساڵی 2023 زیاتر لە 130 مامەڵەی بازرگانی بە بەهای زیاتر لە 470 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستان کراوە و بە بەراورد لەگەڵ دوو هەفتەی سەرەتای پار رێژەکە زیادیکردووە." 
 
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تاڕادەیەک ترس و شڵەژاوی لای بازاڕ و هاووڵاتییان دروستکردووە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش نرخەکانی گرانکردووە، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و چاودێریی بازرگانی، لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و قایمقامیەت و ئاسایشی ئابووری لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرن بازاڕ لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت. 
 
یەکێتیی وەبەرهێنەران: خەڵک ناوێرن دراو بگۆڕنەوە
 
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان پێیوایە، دابەزینی بەهای دینار و کێشە سیاسییەکان، بازاڕ و پرۆژەکانیان پەکخستووە و دەڵێت: ئەوانەی دۆلاریان هەیە ناوێرن بیگۆڕنەوە بە دینار، ئەوانەشی دیناریان هەیە ناوێرن بیگۆڕنەوە بە دۆلار، چونکە بازاڕەکە جێگەی متمانە نییە.
 
مەلا یاسین دەڵێت: بەهۆی ئەم دوو کێشەیەوە کە بەرۆکی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستانی گرتووە، "لە یەک مانگی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی 16-20٪ کەمیکرکردووە." 
 
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی دینار زەڕبەی زۆر گەورەی لە بازاڕ و پرۆژەکانی عێراق داوە، تەنانەت لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراقیش نییە، چونکە ئەو دۆلارەی کە بە 147 هەزاری دەفرۆشێت، سوودی بۆ حکومەت نییە و تەنیا بۆ چەند بازرگانێکە "ئەگەر 100 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت بە 147 راستەوخۆ لە هەموو 100 ملیۆن دۆلارێک 19 ملیار دینار دەچێتە گیرفانی چەند بازرگانێک و ناچێتەوە سەر بودجە، حکومەتی عێراق تەنیا لە فرۆشی نەوت کە بە دۆلارە قازانج دەکات." 
 
"زۆربەی ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە دەچێت بۆ ئێران"
 
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت: ئەو 100 ملیۆنەی عێراق دەیخاتە بازاڕەوە، دوای چەند کاژێرێک 80 ملیۆنی دەبرێتە ئێران، ئەمە زیانی زۆری لە عێراق داوە، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت و چارەسەر نەکرێت، دوورنییە تا کۆتایی ساڵ نرخی 100 دۆلار بچێتە 200 هەزار.
 
"هەرێمی کوردستان لە نەت قازانج و لە بازاڕ زەرەر دەکات"
 
بە گوتەی مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش دڵخۆش نەبن بەم دابەزینەی بەهای دینار "حسابم کردووە لەم 40 رۆژدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 35-40 ملیار دینار بە فرۆشتنی نەوت قازانجی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا نزیکەی 200 ملیار زیان بەر بازاڕ کەوتووە." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و راگەیێندراوەکان، زیانێکی زۆر زیاتر لە بازاڕ کەوت و زیاتر دڵەراوکێی دروستکرد، چونکە خەڵک چاوەڕێی کۆبوونەوەی هەردوولا بوو بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان، بەڵام بەداخەوە لە جیاتی کۆبوونەوە، تیمەکانیان لە حکومەت لێدوانی دژ بەیەکیان دا، ئێستا پارە لای خەڵک و سەرمایەدارەکانە، بەڵام ناوێرن مامەڵەی پێوە بکەن." 
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: مووچەخۆران 30٪ی مووچەکانیان لەدەستداوە
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: دۆخی دەروازە سنوورییەکان خراپە، دەبێ چاکسازییان تێدا بکرێت و ئەو کۆمپانیایانە لابدرێن کە بە هەڕەمەکی پارە وەردەگرن و بازرگان ناچار دەکەن بچێتە دەروازەکانی عێراق.
 
لەبارەی بازاڕی خانووبەرەشەوە گوتی، "ئەگەر گەرمیان بە نموونە وەربگری، نرخ کەمی نەکردووە، بەڵام کڕین و فرۆشتن وەستاوە، زۆربەی کڕیارەکانیش لەوێ عەرەبن و ئەوان باڵانسی بازاڕیان راگرتووە." 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی دابەزینی بەهای دینار، مووچەخۆرێک نزیکەی 30٪ی مووچەکەی لەدەستداوە.