دارتوویەکی 100 ساڵە لە مزگەوتی گوندێکی خورماڵ دەبڕدرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەبیانووی تێکدانی کۆنکرێتی مزگەوتێک لە گوندی نەوێی خورماڵ، دارتوویەکی تەمەن 100 ساڵ دەبڕدرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەڵەبجە دەڵێت، ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە دراونەتە دادگا.
 
رۆژی 17-1-2021 چەند هاونیشتمانییەک دارێکی تەمەن نزیکەی 100 ساڵ لە مزگەوتی گوندی نەوێی خورماڵ دەبڕنەوە و ئەوەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
ئارام شێخ جمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی مزگەوتەکان موڵکی ئەوقافن کەس ناتوانێ بەویستی شەخسیی خۆی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات. بۆیە ئەوکەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە لەلایەن ئەوقافەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و دەدرێنە دادگا.
 
سەبارەت بە هۆکاری برێنەوەی دارەکە بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەڵەبجە گوتی، ئەوەی ئێمە لێمان بیستوون هۆکارەکەی ئەوە بووە کە گوایە دارەکە کە تەمەنی نزیکەی 100 ساڵ دەبێت، هۆکارێک بووە بۆ تێکدانی کۆنکرێتی حەوشەی مزگەوتەکە کە ئەمەش بیانوویەکی قبووڵنەکراوە.