دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان: ژمارەی دانیشتووان 6.17 ملیۆن کەسە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەکەی بە شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 کەس خەمڵاندووە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسە.
رۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2021 عەبدولزەهر هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسن، بەپێی پارێزگاکانیش بەمشێوەیە: سلێمانی دوو ملیۆن و 250 هەزار، هەولێر ملیۆنێک و 900 هەزار و دهۆکیش ملیۆنێک و 300 هەزار کەسن.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی بۆ ساڵی 2020 بەمشێوەیە خەمڵاندووە: ژمارەی نێرینە لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 98 هەزار و 801 کەسە و مێینەش سێ ملیۆن و 72 هەزار و 282 کەس. ئەوانەی لە شارەکاندا دەژین ژمارەیان پێنج ملیۆن و 22 هەزار و 603 کەسە و گوندنشینەکانیش ملیۆنێک و 148 هەزار و 480 کەس، رێژەی گەشەی دانیشتووانیش بە 2.2% دانراوە.
ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
پارێزگای هەولێر: دوو ملیۆن و 254 هەزار و 422 کەس
پارێزگای سلێمانی: دوو ملیۆن و 152 هەزار و 717 کەس
پارێزگای دهۆک: ملیۆنێک و 648 هەزار و 611 کەس
پارێزگای هەڵەبجە: 115 هەزار و 333 کەس
رێژەی هەژاری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2018 بەمشێوە دیاریکراوە:
دهۆک: 8.6%
هەولێر: 6.7%
سلێمانی: 4.46%
تێکڕای تەمەن بۆ ساڵی 2020 بۆ رەگەزی نێر بە 73.9 ساڵ و بۆ رەگەزی مێ بە 76.8 ساڵ دیاریکراوە.