نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەمریکا لە هەوڵدایە شەڕ لە سووریا روونەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەڵێت، تورکیا دەیەوێت ئەو دۆخەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بقۆزێتەوە. بەڵام دەشڵێت، ئەمریکا لە هەوڵدایە کە شەڕ لە سووریا روونەدات. 
 
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو، گوتی: "دەمانەوێت وەکو هەموو سووریا لە ناوچەکەی ئێمەش شەڕ نەبێت.. دەمانەوێت ئاگربەستەکەی ئەمریکا درێژ بکرێتەوە."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی سێشەممە هۆشداریی ئەوەی دا کە تورکیا و هێزە نزیکەکانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ ئامادە دەکەن. 
 
لەو بارەیەوە، سینەم محەممەد رایگەیاند، تورکیا "دەیەوێت هێرشی سەر هەموو رۆژئاوای کوردستان بکات نەوەک بەتەنیا کۆبانێ". هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر تورکیا هێرشەکەی بکات، "ئەوا سەرجەم خەڵک و پێکهاتەکان زیانمەند دەبن."
 
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن پێیوایە، ئەردۆغان دەیەوێت بۆشایی نێوان سەرۆکایەتی ترەمپ و بایدن بقۆزێتەوە. بەڵام دەشڵێت: "ترەمپ دەتوانێت ئەردۆغان رابگرێت.. ترەمپ نایەوێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی شەڕ و ئاڵۆزی هەبێت."
 
سینەم محەممەد جەختی لە گوتەکانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کردەوە کە ئەمڕۆ لە پۆستێکی ئێکسدا پێشنیازی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامی لە کۆبانێ کرد: "ناوچەی لە چەک داماڵدراو دەبێت لەژێر چاودێریی ئەمریکادا بێت." 
 
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن پێیوایە، باشتر وایە کورد بە یەکدەنگی بچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا لە دوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. 
 
 
بەشێکی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن
 
رووداو: ئەمشەو چەندین بۆچوونی بەرپرسانی ئەمریکیمان بیست، بەڵام هیچ شتێکی روون تێدا نەبوو سەبارەت بە پرسی پاراستنی رۆژئاڤای کوردستان. بە بڕوای تۆ، ئەمریکا رۆژئاڤای کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا دەپارێزێت؟
 
سینەم محەممەد: وەکو دەزانن دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و رژێمی بەعس، شەڕێک لەلایەن چەتەکانی سەر بە تورکیاوە لە منبج روویدا، هەروەها ئێستا لەسەر بەنداوی تشرین روودەدات. بێگومان، ئەو شەڕە بە هاوکاری تورکەکان دەکرێت. لەم دۆخەدا، هەمووتان دەزانن ئەم دۆخە لەنێوان دوو ئیدارەدایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ کە هێشتا دەستیپێنەکردووە و، ئیدارەی ئێستای بایدن کە ماوەیەکی کورتی ماوە بۆ دەرچوون لە دەسەڵات، بۆیە ئیدارەی نوێ یان ئیدارەی بایدن ناتوانن هیچ بڕیارێکی زیاتر بدەن. 
بەو هۆیەشەوە، هەوڵەکانیان ئەوەیە کە ئەم شەڕە رابگیرێت. نایانەوێت ئێستا شەڕێک رووبدات. بینیمان لە سەرتاسەری سووریا، ئێستا ئاگربەست هەیە، شەڕ نییە، بۆیە ئێمەش وەک خەڵکی خۆسەری دیموکرات، خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دەمانەوێت شەڕ رابوەستێت. هیوامان بە بنیاتنانەوەیەک هەیە بۆ سووریا. بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر کورد، بە راستی ئەمریکا بە تووندی هەوڵی زۆر گەورە دەدات، لە نێوان ئێمە و تورکیا و گرووپە چەکدارەکان، هەوڵی زۆری ئەمریکا هەیە، ئەوان لە چەند رۆژی رابردووەوە لەسەر ئەو هەوڵە وەستاون و دەیانەوێت هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکەن، کە هیچ کات شەڕ روونەدات و ئاگربەست بکرێت. بینیمان کە وەزارەتی دەرەوە گوتوویەتی، ئێمە ئێستا ئاگربەستێک دەکەین، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە. ئەوەش تاوەکو ئێستا باشە، بەڵام دەمانەوێت ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە لایەکی دیکە، لایەنی سیاسی، بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، لەگەڵ هەموو خەڵکی سووریا دەستپێبکەین. ئێمە ئەوەمان دەوێت، بەڵام بەداخەوە تورکیا دەیەوێت ئاراستەی شەڕمان پێبکات، بەڵام بە راستی ئەمە زۆر خراپە، نەک تەنیا بۆ کورد، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو هاووڵاتیانی کە لە ناوچەکەدا دەژین.
 
رووداو: ئیلهام ئەحمەد نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە. لە نامەکەیدا تایبەت لەسەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ وەستاوە یان داواکاریی دیکەشی تێدایە؟ دەتوانی هەندێک وردەکاریی ئەو نامەیە زیاد بکەیت و بڵێیت؟
 
سینەم محەممەد: راستە، نامە چوو بۆ سەرۆک ترەمپ، بەڵام من گوتم، هێشتا دەستی بە دەسەڵات یان حکومەتەکەی نەکردووە. بەڵام ترەمپ دەتوانێت کاریگەرییەکی باش لەسەر ئەردۆغان دروست بکات، لەبەرئەوەی پێشتریش پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە. بەڕێز ئیلهام ئەحمەد دەیویست ئەو پەیوەندییانەی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەکاربهێنێت، تاوەکو ئێستا ئەو ئاگرە رابوەستێت، ئەو شەڕە رابوەستێت. ئیدی کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵات، ئەو کاتە هەموو شتێک ئارام دەبێت. ئێمە نامانەوێت کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵاتی خۆی و ببینێت کە لە ناوچەیەک شەڕ هەیە، لە ناوچەیەک ئاڵۆزی هەیە. لە ناوەڕۆکدا گوتوویەتی، ئێمە دەمانەوێت ئەم شەڕە رابوەستێت، و ترەمپیش بتوانێت زەخت لەسەر ئەردۆغان دروست بکات، تاوەکو ئەو شەڕە رابوەستێت، ئەو کاتە ئارامییەک لە هەموو سووریا دەبێت، وەکو ئەوەی ترەمپ دەیویست، هەردەم ترەمپ دەیویست و دەیگوت، من ئارامییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکدەهێنم، لەبەر ئەوەش خواستی ئێمە ئەوە بوو.