پۆلیسی راپەڕین: تەرمی کەسێکمان دۆزییەوە کە بە فیشەک کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی کەسێکیان لە نزیک گۆڕستانی راپەڕین لە گەڕەکی راپەڕینی قەڵادزێ دۆزیوەتەوە کە "لە رێگەی چوونی بۆسەر کار تەقەی لێکراوە و کوژراوە."
ئەمڕۆ شەممە، 17-12-2022، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین هەواڵی "کوژرانی" ئەو هانیشتمانییەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "لەکاتی چوونی بۆسەر کار لە نزیک گۆڕستانی قەڵادزێ لەسەر شۆفڵەکەی بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە و شوێنی دوو گولـلە بە جەستەیەوە دیارە."
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە رانیە رایگەیاند، هاونیشتمانییەکە ناوی شوان محەممەد مەمەندە، پێنج منداڵی هەیە و دانیشتووی گوندی تەنگژە بووە لە سنووری قەڵادزێ.
عومەر عەبدولڕەحمان، ئامۆزای هاونیشتمانییە "کوژراوەکە" بە رووداوی گوت، ئامۆزاکەی "بە فیشەک کوژراوە". دەشڵێت، تائێستا نازانن کێ کوشتوویەتی و هۆکاری کوشتنەکەیشی دیار نییە.
ئەو هاونیشتمانییە لە لیوای 7ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەوامی کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕێن دەڵێت، دوای رووداوەکە هێزەکانیان لە پۆلیس و بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.