چیرۆکی منداڵە 10 مانگەکەی هەولێر دەبێتە شیعر و ئاواز
رووداو دیجیتاڵ
دانەر ئەو منداڵە تەمەن 10 مانگەیە کە لە لافاوەکەی هەولێر نقوومبوو و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە. چیرۆکی دانەر و گریانەکانی باوک و دایکی بەدوای دۆزینەوەی کە یەکەمجار فەرهاد دۆڵەمەڕی پەیامنێری رووداو ئاشکرایکرد، بووەتە ئیلهامی شیعر و ئاوازی هوونەرمەندان و نووسەران.
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو شیعر و ئاوازانەی کە بۆ دانەر گوتراون
ئاری عەبدولەتیف بۆ دانەر ی كۆرپەی جوان كە لە لافاوەكەی ھەولێر گیانی سپارد
دانەر نەبەز
گیانم دانەر
نوێترین قوربانی خاكم
شوناسی ئەبەدیی زام و
برین و ئازار و كەسەر
خۆزگە ئەمشەو لە ھەولێر بام
بریا بۆ تاوێ ھەڵگری
ناز و گریان و ناڵەت بام
چیبكەم لە خەوی قوڵدا بووم
چیبكەم نەمتوانی بەس ئەمشەو
ھەناسەی سواری نەخۆشی ئەم ھەڵەبجەم
بكردبا بە دەبدەبە و
ھەڵمدایە بۆ گوێسوانەو
ھەر ھیچ نەبێ
منیش نغرۆبام لەو ژانەو
گیانم دانەر
وەچەی دڵی دەمانگەی من
ھەزار مۆڵ و بینای بەرز قوربانت بێ
ملیۆن بیرەنەوت و داھات
مەلاین باخ و مەزرەعە و كۆگای پڕ پارەی تڕۆھات
بە ھەناسەی نیانت بێ
من چیبكەم تۆ ڕۆژی ئاڵا
سەرت لەسەر ئاو نایەوە
برینی سەد كیمیا و ئەنفال و شەھیدت
بە بیری من ھێنایەوە
ھەستە دانەر گروگاڵێكی تر بكە
بانگی بابەی بریندار و
داوای شیر لە دایە بكە
ھەستە ھێشتا ھێندە زووە
ئازار خۆیشی لە خەودایە
بانگە بڵێ من ئەوەتام
بڵێ یاری بە ئاو دەكەم
بڵێ بۆ یادی ئاڵا چووم
شەڕەئاوی لەگەڵ دەكەم
ھەستە دانەر ئاسمان ئەگری
با ھەولێریش ھێندە نەگری
دڵنیام تەرمت ھێند قورسە
كوردستان لە تابوت ئەگری
کەمال محەممەد بە هۆنراوەی گۆرانی "کوڕی شیرینم" هاوخەمی بۆ دانەری 10 مانگ دەردەبڕێت
گۆرانیی "کوڕی شیرینم" کە لەلایەن هونەرمەندی کورد کەمال محەممەدەوە لە کاتی کۆڕەوی هاونیشتمانیان لە ساڵی 1991ـدا تۆمارکراوە و سەتان هەزار گوێگری هەبووە؛ ئەمڕۆ هونەرمەندەکە هەمان هۆنراوەی گۆرانییەکەی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و هەروەها نووسیویەتی: "هیوای سەلامەتی بۆ شاری هەولێری ئازیز".
هونەرمەند وێنەیەکی "دانەر نەبەز"ی تەمەن 10ی مانگ داناوە و ئەم بەشەی هۆنراوەکەی لەگەڵ نووسیووە:
کوڕی شیرینم مەترسە جێت نـــــــــاهێڵم ..
وەرە بەدوای شڵپو وڕی قاچە ماندووەکانـی منا لێم ون نابیت
ئەوەتا شاخ و دەشت و دۆڵ شەستە و ڕەهێڵە و بـــاو بۆران
چۆکی بە گشتیان داداوە باوکە کۆڵ بە كۆڵەکەشت بە گشت گرمەی هەوردا ئەچێت
چارەی ڕەشى یاوەتە بەر رەقی ئاگری چەخماخە.
فەرهەنگ غەفوور گۆرانییەک بۆ دانەر دەڵێت
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەندی شاری هەولێر بە گۆرانییەک هاوخەمیی بۆ دانەر دەردەبڕێت و پێشکەشی دەکات "بە رۆحی پەپوولەی جوانەمەرگ (دانەر) و تەواوی قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر"