پاسێک لە هەولێر وەرگەڕا؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی کەسنەزان بۆ هەولێر، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەیش بریندارن.
رووداوەکە لەنێوان پاسێک، تاکسییەک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بووە، بەهۆیەوە ژنێک کە سەرنشینی پاسەکە بوو، گیانی لەدەستدا. پاسەکە لەکاتی چوون بۆ ناو هەولێر، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشاوە.
ئاری کەمال، بەرپرسی هێڵەکانی کەسنەزان دەڵێت، شۆفێرێکی هێڵی گواستنەوەیان لەکاتی چوون بۆ هەولێر، پاسەکەی ئیستۆپی نەماوە، خۆی لە کیایەک و تەکسییەک داوە.
ئاری کەمال دەڵێت، یەکێک لە سەرنشینانی پاسەکە کە ژنێکی عەرەب بوو، گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکیشی هێشتا نادیارن، بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون.
یەکێک لە بریندارەکان، شۆفێری کیاکەیە، لەبارەی دۆخی تەندروستییان، ئاری کەمال گوتی، شۆفێری کیاکە دۆخی تەندروستیی باشە و ئەوانی دیکەیش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.