وەزارەتی پێشمەرگە: بیمەی تەندروستیی پێشمەرگە تەواوبووە و لە قۆناخی دووەم ماڵباتیشیان دەگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بیمەی تەندروستیی پێشمەرگە تەواوبووە و لە قۆناخی دووەم ماڵباتیشیان دەگرێتەوە، "هەر پێشمەرگەیەکیش لە دەرەوە پێویستی بە چارەسەر بێت، هاوکاریی مادی دەکرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17.11.2024، میران بەکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری بیمەی تەندروستی بۆ پێشمەرگە دەمێکە دراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە چارەسەری دەکرێن، ئەو پێشمەرگانەشی لە دەرەوە پێویستیان بە چارەسەر بێت، هاوکاریی مادی دەکرێن.
 
نەخۆشخانەی پێشمەرگە چەندین بەشی هەیە. میران بەکر دەڵێت: "وردە وردە هەموو بەشەکان پڕ دەکرێنەوە و ئێستا گەیشتووەتە 70٪."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆسەی بیمە بۆ پێشمەرگە کۆتایی هاتووە و لە قۆناخی دووەمدا ماڵباتەکانیشیان [کەسی یەکەم] دەگرێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ هەر پێشمەرگەیەک بڕی یەک هەزار دینار بۆ بیمە دەبڕدرێت، هەر پێشمەرگەیەکیش لە دەرەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە چارەسەری هەبێت، پسوولەی خەرجییەکانی ببات، لە وەزارەتەکەی نزیکەی 70٪ـی خەرجییەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.