وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 13 گەریلای پەکەکەی لە خواکورک راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 13 گەریلای پەکەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ناوچەی خواکورک لە باشووری کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ – قوفڵ 13 گەریلای پەکەکە لە ناوچەی خواکورک لە باشووری کوردستان، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، دیمەنی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوون بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە، بە وشەی نهێنی "بگەڕێ، بدۆزەرەوە، لەناوبەرە" بەردەوامین لە دابەزاندنی مشتی ئاسنیی بەسەر "تیرۆریستان"ـدا.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 11-12ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان حەوت جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا هەشت سەرباز کوژراون. هەروەها گورزیان لە پێگەیەکی سەربازیی وەشاندووە.
سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵـی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانلەدەستدانی 769 گەریلا و کوژرانی 112 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 393 گەریلای راگەیاندووە.