مەلا بەختیار: ئەگەر یەکێتی گلەیی لە پارتی هەیە با لەگەڵیان دانیشن و گلەیی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
رێبەر ئەحمەد رایدەگەیێنێت، پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیش پێیوایە یەکێتی ئەگەر گلەیی لە پارتی هەیە با بێن لەگەڵ پارتی دابنیشن و گلەیی بکەن، دەشڵێت، نابێت قسەکانی سەرۆکی یەکێتی "بەبێ [لەسەر] وەستان و لێکدانەوە تێپەڕێت".
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی پانێڵێک لە سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، رایگەیاند: "ئەگەر وەکو پارتییەک قسە بکەم نەک وەزیری ناوخۆ، راستییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەو لایەنە سیاسییەی کە کێشەی هەیە، پێویستە بزانین کێشەی لەگەڵ چی هەیە؟".
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، ئەوان لە پێش کۆنگرەی 14 و لە دوای کۆنگرەی 14ـەشەوە ئەو هەڵوێستەیان راگەیاندووە کە وەکو پارتی هیچ کێشەیەکیان نییە "ئەگەر کێشەیەک لە ئەدای حکومەت هەیە لەناو حکومەت، دەبێت ئەو بەڕێزانەی کە باسی کێشە دەکەن لەگەڵ پارتی، بێن. چونکە ئەوان تێکەڵیان کردووە، نەیانگوتووە کێشەیان لەگەڵ حکومەتە یان لەگەڵ پارتی؟ جارێک دەڵێن ئێمە لە ئەدای ئەنجوومەنی وەزیران ناڕازین، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان لەگەڵ کوتلەی پارتی لە حکومەت باسی ئەو کێشانانەیان نەکردووە. تائێستا بە فەرمی بە ئێمەیان نەگوتووە لە چی ناڕازین".
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "لە هەموو پرۆسەی ئیدارەکردنی ئەو حکومڕانییە بەشدارن، بڕیارەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بە بەشداری هەموو لایەک دەدرێت و گفتوگۆیەکی یەکجار زۆر لەسەر ئەو بابەتانە دەکرێت، ئێمە دەبێت رێز لە هەڵبژاردن بگرین، دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای قەبارەی حیزبەکان لە هەڵبژاردن. ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان حیزبی یەکەمین، لەگەڵ ئەوەش بەشی خۆشمان لەگەڵ لایەنەکانی بەشکردووە".
رێبەر ئەحمەد دەشڵێت: "ئێستاش تێناگەین کێشەی برادەرانی یەکێتی لەگەڵ پارتی چییە؟ ئەگەر کێشەیەکی دیاریکراوی سیاسی هەیە، دەبێت بە ئێمە بگوترێت.. ناکرێت لە راگەیاندنەکانەوە گلەیی لە پارتی بکرێت لەکاتێکدا لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا باسی هیچ کێشەیەک ناکرێت".
بە بڕوای رێبەر ئەحمەد، ئەگەر بابەتەکان "گرێ بدرێتەوە بە هەندێک لەو بابەتە ئەمنییانەی لە هەولێر روویاندا، ئەمانە بابەتی ئەمنیی یاسایین و دادگەکان بەدواداچوونی بۆ دەکەن، نە حکومەت و نە پارتی لێی بەرپرسیار نین".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پێویستی زانی ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت لەگەڵ پارتی مامەڵە بکەن "داواکارییەکانیان بەڕوونی بخەنەڕوو، لەکوێی پارتی گلەیی هەیە؟ ئێمە لەدوای کۆنگرەی 14وە، جەنابی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی فەرمانی کرد کە دەرگەی پارتی بە رووی هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوە دەبێت، لەنێویشیاندا یەکێتی. چونکە یەکێتی حیزبێکی سەرەکییە و هاوبەشێکی سەرەکیشە لە هەرێمی کوردستان و دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی ئەدایەکی باشترمان هەبێت".
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، ئەو کێشانەی ئێستا لە سلێمانی باس دەکرێن و سلێمانی بە دەستییەوە دەناڵێنێت، "خەریکن ئەو کێشانە دەخەنە ملی پارتی کە پارتی لێی بێ بەرییە. پارتی نە کارمەندێکی لە سلێمانی هەیە، نە بەڕێوەبەرێکی لە سلێمانی هەیە، نە دەزگایەکی ئەمنی بەدەستە. هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی و ئیداری لە سلێمانی بە دەستی پارتییەوە نییە، کەچی داوا دەکەن پارتی بارودۆخی سلێمانی چاک بکات".
هەر لە پانێڵەکەدا مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی هەمان پرسیاری دایەوە و رایگەیاند: "مەترسییەکی ئەوتۆ نابینم کێشەکان جارێکی دیکە سەربکێشن بۆ شەڕی ناوخۆ، بەڵکو زەمینەی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەیە".
بەبڕوای مەلا بەختیار، یەکێتی ئەگەر گلەیی لە پارتی هەیە، با بێن لەگەڵ پارتی دابنیشن و گلەیی بکەن. ئەگەر گلەیی لە حکومەت هەیە با لەناو حکومەت دابنیشن و گلەیی بکەن.
مەلا بەختیار دەڵێت: "من خەفەت دەخۆم بەو کێشانە، ئەگەر پارتی لەسەر حەق بێت یان یەکێتی حەق بێت، ناحەقییەکە لەوەدایە نەتوانن رێکبکەون".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی باسی هەڤپەیڤینەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ شاهۆ ئەمین دەکات و دەڵێت: "بەڕێز سەرۆکی یەکێتی پێرێ شەو چاوپێکەوتنێکی کردووە، ئەوەی لەناخی بوو گوتوویەتی. ئێوە ئەگەر قسەکان دەسەلمێنن کێشەکان چارەسەر بکەن، نایسەلمێنن دوو رێگە لەبەردەمتانە وەکو پارتی.. یان بە بەڵگەوە وەڵامی بدەنەوە یان داوای کۆبوونەوەی بەپەلە لەنێوانی هەردوو حیزبەکە بکەن، یان حیزبی دیکە بکەن بە شایەت، چۆنتان پێ باشە گرنگ ئەوەیە دەبێت لەسەر ئەو قسانە بوەستن. نابێت ئەو قسانە تێپەڕێت بەبێ وەستان و لێکدانەوە، لە ئەنجامدا دەبێت چ لایەنێکی قازانجی یەکگرتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی تێدایە دەبێت ئەو لایەنە وەربگرن، لایەنەکانی دیکەش بەڕاشکاوی قسەیان لەگەڵ بکەن".
مەلا بەختیار تکایەکیشی لێکردن کە "بە لۆژیکی حکومڕانییەوە سەیری دانوستاندنی سیاسی مەکەن، بەڵێ ئێوە [پارتی] زۆرینەن کەس ناتوانێت نکۆڵیتان لێبکات کە ئێوە زۆرینەتان هێناوە. لە یەکێتی زۆرترتان هێناوە، بەڵێ زۆرترتان هێناوە، بەڵام کاتێک کە هاتە سەر بەرژەوەندیی ستراتیژی و چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردایەتی، زۆرینە و کەمینە ناخوات، ئەوکاتە لۆژیکی سیاسی دەخوات، بەرژەوەندیی کورد دەخوات".