سەرۆککۆماری عێراق: دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت، "دەبێت بەپێی دەستوور هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت". دەشڵێت، یەکێک لە کێشەکان نەبوونی یاسای نەوت و گازە، "هیوامان وایە ئەمە بە زوویی دەستی پێبکرێت و هەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022 سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەبەشداریی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە دەستی بە کارەکانی کرد.
 
سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، "ماوەی 3 ساڵە عێراق نە توانیویەتی بودجە بە باشی خەرج بکات، نە توانیویەتیشی هەنگاوی باش بنێت بۆ پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەوەی لە پرۆگرامی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق هەیە، یەکەمیان کە لە پێش هەموو شتێکەوەیە، چەسپاندنی ئارامی و ئاسایشە لە هەموو شوێنێکی عێراقدا. ئەمە کراوەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان و بەجیددی هەوڵی بۆ بدرێت."
 
سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی عێراق دوو رووباری دیجلە و فوراتن کە هەردووکیان لە وڵاتانی دراوسێیەوە دێنە نێو عێراق. بەڵام بەهۆی دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیاوە بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وشکیان کردووە. سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا و گوتی، "کێشەیەکی دیکە هەیە کە هەموو عێراق دەگرێتەوە، ئەویش کێشەی کەمبوونەوەی ئاوە بەهۆی وشکەساڵی و هەڵسوکەوتی وڵاتانی دراوسێمانەوە. چەند کۆبوونەوە و دانیشتنێکمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، هیوامان وایە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بنێین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "دەبێت هەوڵبدەین خۆشمان ئیدارەی ئاوەکەمان لەناو عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەباشی بدەین، کۆمەڵێک پێشکەوتن هەیە بۆ بەکارهێنانی ئاو دەبێت جێبەجێیان بکەین. دەبێت هەوڵی ئەوەش بدەین ژینگەکەمان بە پاک و خاوێنی بپارێزین."
 
بەگوتەی لەتیف رەشید، ماوەیەکی زۆرە حکومەتەکانی عێراق دوورن لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو ناوچەکان لە بواری ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتی، خوێندن، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا، رێگە و ئەوانەی دیکەش، "دەبێت هەوڵێکی جیددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەو کارانە جێبەجێ بکرێن و خەڵکی عێراق کەمێک بحەوێتەوە و پشوو بدات."