ئەنجوومەنی ئابووری لە خاڵە سنوورییەكان و بۆرسەی هەولێر دەكۆڵێتەوە

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنەكە، كۆبووەوە.
 
كۆبوونەوەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممه ‌17ی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێوەچوو، بەپێی راگەیێندراوی دوای كۆبوونەكە، پێداچوونەوە بە شێوازی هاوردە و هەناردەكردن لە خاڵە سنوورییەكان، گومركەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی كارمەند و كادیرانی دامودەزگانی‌ ئەو بوارە كراوە.

لە راگەیەندراوێكەدا كە كۆپییەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، هاتووە "جەخت لە هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەغدا كرایەوە، بە تایبەتی كە عێراق ئەندامی كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتیی تایبەت بەو بوارەیە و بەردەوام كۆرس و خولی تایبەت بەو بوارانە بۆ كارمەندانی دەكاتەوە و دەكرێ هەرێمی كوردستانیش سوودیان لێوەربگرێت".
 
كۆبوونەوەكە لە فراوانكردنی دەروازە سنوورییەكان و بەتایبەتیش دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل-ی كۆڵیوە‌تەوە‌ بۆ فراوانبوونی بازرگانی و دامەزراندنی سیستەمێكی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی هەناردە و هاوردەكردن و پێكەوەبەستنی هەموو خاڵە سنوورییەكان لە رێگەی ئەم سیستەمە ئەلكترۆنییەوە.
 
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دوایین هەنگاوەكانی دامەزراندنی بۆرسەی هەولێر، یان "بازاڕی هەولێر بۆ كاغەزە داراییەكان" خراوەتە‌ بەر باس و بەپێی راگەیێندراوەكە "دوای پێداچوونەوە بە پرۆژە و پێشنیازەكاندا، داواكرا لایەنی پەیوەندیدار پشت بە پسپۆڕانی بیانیی ئەو بوارە ببەستێت بۆ پێداچوونەوە بە پەیكەری كارگێڕی و كارەكانی ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەك كە لەگەڵ سەردەم و پێوەرە جیهانییەكان و واقیعی ئەمڕۆی كوردستاندا بگونجێت".