مەسرور بارزانی بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش - کەڵەکی دانا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی جووتسایدی بەردەڕەش کەڵەک دادەنێت و دەڵێ رێگەکە سوودی زۆر دەبێت لە پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و جوڵەی بازرگانی.
 
مەسرور بارزانی، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی رێگەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024) لە گوتارێکدا رایگەیاند "لەو کابینەیەدا گرنگییەکی زۆرمان بە دروستکردنی ژێرخانی رێگەوبان لە سەرانسەری کوردستان داوە و، هەرێمی کوردستان لەدوای دروستکردنی ئەو رێگەوبانانە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە."
 
ئەم دووسایدە بە گوژمەی 98 ملیار و 236 ملیۆن و 872 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، وەک سەرۆکوەزیران گوتی "پارێزگەی هەولێر، دهۆک و موسڵ بەیەکەوە گرێدەدات و رێگەیەکی بازرگانیشە، کە زۆرجار بارهەڵگر کاتێک لە تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان و عێراقیش، سوودی لێ وەردەگرن."
 
مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێ "ئەم رێگەیە رەنگە لە ئاستێکی باشدا نەبووبێت و بەداخەوە زۆر جار رووداوی ناخۆش لێی روویداوە، چونکە لە ئاستێکی ستاندارد نەبووە و هاتووچۆی زۆر و قەرەباڵخیی زۆری لەسەر بووە، (بەڵام) دروستکردنی ئەو ریگەیە بەو شێواز و ستانداردە، وادەکات بەهیوا بین هاتووچۆ ئاسانتر بێت و سەلامەتتریش بێت بۆ هەموو هاووڵاتییان."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا؛ ئەرکێکی دیکەش دەکەوێتە سەر شۆفێر و هاونیشتمانییان کە "رێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن و کاتێ رێگە خۆش دەبێت، مانای ئەوە نییە ئۆتۆمبێل خێراتر لێبوخڕن، بەڵکو رینماییەکان لەبەرچاو بگرن بۆ سەلامەتیی خۆتان و ئەوانەی لەسەر شەقامن و لەنێو ئۆتۆمبێلەکانی دیکەدان."
 
سەبارەت بە خەڵکی سنووری بەردەڕەش، مەسرور بارزانی دەڵێ "خەڵکێکی شایستەن، خزمەتی زۆریان بکرێت. بەداخەوە ئەو خزمەتگوزارییانەی لەو دەڤەرانە هەن، لە ئاستی تموحی ئێمەدا نەبوون و حەزمان دەکرد زیاتریان بۆ بکەین، بەڵام بەداخەوە دۆخی رابردوو لەبەر زۆر هۆکار رێگەی نەداوە وەک پێویست، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت، هەرچەندە کاری باشیش کراوە و بەرنامەشە ئەگەر خوا دەرفەت بدات، بەردەوام بین لە خزمەتکردن."