فەهمی بورهان: کۆدەنگییەکی کوردستانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆککۆماری نوێ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "چاوەڕوانیمان هەیە سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد بدات" و دەشڵێ: "ئێستا کۆدەنگییەکی کوردستانی بۆ پشتیوانیکردن لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەیە."
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی زۆربەی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار پڕۆتۆکۆلین، بەڵام لە هەمان کاتدا پۆستی سەرۆککۆمار پۆستێکی گرنگە و دەبێ هەموومان بە ئومێدەوە چاوەڕێ بین لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەنجامی گەورە و گرنگ لەو پۆستە ببینین و لەتیف رەشیدیش لە بەڕێوەبردنی کاروباری عێراقدا ئەزموونی کارکردنی هەیە."
فەهمی بورهان گوتی: "پرسی ماددەی 140 پرسێکی ئاڵۆزە و کاری جیدی و زۆر گرنگی پێویستە؛ دەبێ دیدگەیەکی روونی کوردستانی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی؛ هەموو ئەو حکومەتانەی لە رابردوو لە عێراقدا دروستبوون، نیەتێکی روونیان نەبوو بۆ چارەسەرکردنی پرسە دەستوورییەکان و لەنێویشیاندا ماددەی 140 کە بۆ ئێمەی کورد پرسێکی یەکجار گەورەیە."
پشتیوانی لایەنە کوردستانییەکان لە سەرۆککۆمار
بە بۆچوونی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کۆدەنگییەکی کوردستانی بۆ پشتیوانیکردن لە لەتیف رەشید هەیە و دەڵێ: "سەرۆککۆمار جیاواز لە رابردوو، پشتیوانییەکی هاوبەشی کوردستانی لەگەڵدایە و خۆشی خاوەن پەیوەندییەکی بەرفراوانە لەنێو عێراق و دنیای دەرەوە کە دەشێ هەموو ئەو پەیوەندییانەش بخرێنە خزمەت جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور."
فەهمی بورهان دەڵێ: "ئێمە گرفتمان تەنیا لە جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 نەبووە؛ لە ماوەکانی رابردوودا هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە جومگە جیاوازەکان، دەستدرێژیکردن بووە بۆسەر بڕگە و ماددەی دەستووریی دیکەی پەیوەست بە خەڵکی کوردستان، لەوانە پرسی زمانی کوردی کە لە ماددەی چواری دەستووردا هاتووە کە حکومەتی عێراقی پێشێلی دەکات و بێ بایەخی دەکات؛ بۆیە دەبێ سەرۆککۆمار بە بەرنامەوە هەوڵی جێبەجێکردن و پاراستنی دەستوور بدات."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە: "ئەو کەشە سیاسییەی لەنێوان هێزە کوردستانییەکانی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری نوێی عێراق بینیمان، پێشانیدەدات کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بڕیاریداوە پشتیوانیی سەرخستنی ئەرکەکانی سەرۆککۆماربێت و ئەگەر ئەمەش بکرێت، دەتوانین بەشێک لە ئامانجە دەستوورییەکانمان بهێنینەدی، بەپێچەوانەی ئەمەش بکەین، رۆژ لە دوای رۆژ رووبەری بەعەرەبکردن و کۆچ پێکردن لە ناوچە کوردستانییەکان زیاتر دەبێت."
جێبەجێکردنی ماددەی 140
بە بۆچوونی فەهمی بورهان، لە حکومەتەکانی رابردوودا هەندێک لەوانەی بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، "ئامادە نەبوون بە رستەیەکیش قسە لەسەر ماددەی 140 و جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام ئێستا ئێمە لەبەردەم پێشهاتی نوێداین؛ محەمەد شیاع سوودانی کە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد دانیشتبوو، بەڵێنیداوە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەربکات و بیخاتە بەرنامەی کارەکانییەوە."
فەهمی بورهان دەڵێت: "ئەو ئاماژانە جێگەی دڵخۆشین، بەڵام یەکسان نین بەوەی هەموو هیواکانمانی لەسەر هەڵبچنین و ناشبێ ئاستی چاوەڕوانییەکانمان زۆر بەرز بکەینەوە، لەبەرئەوەی سەرجەم کابینەکانی حکومەت کە لە رابردوودا لە عێراق پێکهاتوون، بەرامبەر جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەیان کردووە."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: "هیوامان ئەوەیە ئەو بەڵێنانەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بە سەرکردایەتی کوردی داوە، جێبەجێیان بکات و ئێمەش لەو بەڵێنانەی ئەو زیاترمان ناوێت، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەلای ئێمەوە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و پرسی خاکە، ئەگینا پرسی بودجە و مووچە و ئەو بابەتانە ناکۆکیی سیاسی و کارگێڕین و جێبەجێکردنیان بیرکردنەوە و ماندووبوونێکی ئەوتۆی ناوێت."
بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا هەڵمەتێکی چڕ بۆ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان هەبووە و دوا بابەتیش ئەو بڕیارە بوو کە لە خانەقین بۆ نەهێشتنی هێزە کوردستانییەکان دراوە. فەهمی بورهان دەڵێت: "دۆخەکە ئێستا بە تەواوەتی ئارامبووەتەوە؛ رەنگە بەشێکی ئەو بڕیارەی دراوە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەبووبێت لەوەی زانیاری هەڵەمان دابێت و قسەی جۆراوجۆر لەسەر بوونی هێزی گەورەی کوردی لە خانەقین کرابێت، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی گەورەی نەناردووەتە ئەوشارە؛ بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە و بە ئاسانیش جێبەجێناکرێت."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە: "ئەگەر نیەتێکی خراپ لەپشت ئەو بڕیارەوە نەبووبێت، ئێمە هێزمان لە خانەقین نەبووە و پێمان وابووە دەبێ دەستوور جێبەجێبکرێت و دەبێ هەموومان بە هێمنی دابنیشین و بزانین کێشەکە لەکوێیە بۆئەوەی چارەسەری بکەین، نەوەک بەو شێوەیە هەوڵی گەورەکردنی کێشەکان بدەین."
فەهمی بورهان دەڵێت: "لە ماوەکانی رابردوودا ئەو هەموو گرفتە قووڵە لە بەغدا هەبوون و سێ ئەجێندای جیاواز لە پایتەختدا یەکتریان رەتدەکردەوە و خۆپێشاندانیان دەکرد، بەڵام هێزێکی زۆریان هێنابوو بۆ پردێ و دەوروبەری قەرەهەنجیر، بۆیە ئەوان بەرامبەر بە ئێمە وەکویەک بیردەکەنەوە."