وەزیری خوێندنی باڵا: چاکسازی لە خوێندنی باڵا ئەرکێکە دواخراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت ئەو نیگەرانییەی دەرچووانی زانکۆکان هەیانە کە دوای دەرچوونیان لە بازاڕی کاری کوردستان نەتوانن دەرفەتێک و پێداویستییەک پڕبکەنەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای خستووەتە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی "ریفۆرمێکی جیددی و ریشەیی" لە کەرتی خوێندنی باڵا بکات و دەشڵێت، چاکسازی لە خوێندنی باڵا ئەرکێکە دواخراوە بەهۆی هەر هەلومەرجێک بووبێت نەیانتوانیوە بیکەن.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 لە یاریگەى نێودەوڵەتیى دهۆک بە ئامادەبوونى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان؛ ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆی دهۆک و کەسوکارى خوێندکارانی دەرچووى زانکۆکە، ئاهەنگی دەرچووانی خوولی 27 بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند، "لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەی پێمان کرابێت لە 3 ساڵی رابردوودا، وێڕای ئەو هەموو قەیران و ئاڵنگاریە، ئەو هەموو کۆسپ و گرفت و بارگرانیەی هاتووەتە رێگەی حکومەت بە شێوەیەکی گشتی و لەنێویشیاندا کەرتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەکی تایبەت. ئێمە بە ویژدانێکی ئاسوودەوە لە بەردەمی ئێوە وەستاوین کە هیچ جۆرە درێخییەکمان نەکردووە بۆئەوەی بتوانین ئێوەی ئازیز، نەوەکانی وڵاتی خۆمان، بە شێوەیەک ئاراستە بکەین و پێبگەیێنین کە بتوانن لە ئاییندەدا رۆڵی خۆیان لە خزمەتکردنی کوردستاندا ببین."
لە زانکۆی دهۆک 4468 قوتابی لە 66 پسپۆڕیی جیاواز لە 19 کۆلێژ بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرن، بەڵام بەشێکی زۆر لەو قوتابیانە نیگەرانن کە دوای تەواوکردنی خوێندن کاریان دەستناکەوێت.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەو نیگەرانییە کرد کە خوێندکاران لەدوای دەرچوونیان لە زانکۆ دەرفەتی کاریان دەستناکەوێت و گوتی، "ئەو نیگەرانییە وەزارەتی خوێندنی باڵای خستووەتە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی ریفۆرمێکی جیددی و ریشەیی لە کەرتی خوێندنی باڵا بکەین. ئێستا ئیدی گومانم لەوە نییە کەسێک هەبێت لە کوردستاندا ئەوەی چاودێریی بارودۆخی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، پێیوابێت چاکسازیکردن لە کەرتی خوێندنی باڵادا پێویست نییە."
بە بڕوای ئارام محەممەد، چاکسازی لە خوێندنی باڵا تەنیا بە ئەوان ناکرێت و پێویستیان بە گشت لایەکە بۆئەوەی بتوانن بەردی بناخەی ئەو چاکسازییە دابڕێژن و دەڵێت، "دەمەوێت لەبەردەم ئێوەی بەڕێز و بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەبەردەم رای گشتیی میللەتەکەماندا راستگۆیانە بڵێم، کە ئەم ئەرکە هەرچەندە زۆر پیرۆزە، بەڵام بە تەنیا بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ناکرێت. بۆیە داوا لە پەرلەمان و حکومەت بە شێوەیەکی گشتی و هەموو وەزارەتەکان، هاوبەشەکانمان، لە کەرتی بزنس، کەرتی تایبەت و گشتی، ئەکادیمستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا هاوکارمان بن بۆئەوەی بتوانین لانیکەم بەردی بناخەی ئەم ریفۆرمە دابڕێژین."
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی، "هیچ پاساوێک نییە بۆئەوەی دوای بخەین، راستییەکەی ئەرکێکە دواخراوە، بەهۆی هەر هەلومەرجێک بووبێت نەمانتوانیوە بیکەین؛ بەڵام رەنگە ئێستا دەرفەتەکە باشتر رەخسابێت."