جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: فڕۆکەخانەی کەرکووک گەندەڵیی تێدا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2022 بە نیوەچڵی کرایەوە، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە کوردن، زمانی کوردی لەسەر هیچ تابلۆیەکی فڕۆکەخانەکە نییە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش باس لە گەندەڵییەکانی فڕۆکەخانەکە دەکات و دەڵێت، "ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، چونکە پێشتریش سەرۆکوەزیران داوای لە من کرد و پێم گوت، ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی و گەندەڵیی تێدا کراوە. لەڕووی هونەرییشەوە ئەو فڕۆکەخانەیە ئامادە نییە. کەرکووک مافی خۆیەتی لەپێش هەموو پارێزگاکانی دیکەوە ببێتە خاوەنی فڕۆکەخانە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک کە گەندەڵی تێدانەکرابێت و بەپێی دەستوور دامەزرابێت و گرفتی تەکنیکیشی نەبێت."
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا کە تەنیا 10 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. دوای رێوڕەسمەکە، راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک دانی بەوەدا نا کە هێشتا هەندێک کاری تەکنیکی ماون بۆئەوەی فڕۆکەخانەکە بکەوێتە کار و دەست بە گواستنەوەی سەرنشین بکات، بەڵام لە یادی 16ی ئۆکتۆبەردا "بە پێویست زانرا ئەم دەستکەوتە مێژووییە پێشکێش بکرێت."
راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک رایگەیاند، "ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسا تێدەپەڕێت. هاوکات دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە رۆڵیان هەبووە لەم دەستکەوتە مێژووییەی خەڵکی کەرکووکدا، کە شایستەی خۆیانە. بەهۆی ئەو دۆخەشی لە بەغدا دەگوزەرێت، دەرفەتی بۆ ئێمە نەڕەخساند، کە ئاهەنگێکی گەورەی فەرمی رێکبخەین."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دامەزراوە، پێشتر بنکەیەکی سەربازی بووە و لە جەنگی عێراق - ئێران سوودی لێوەگیراوە. لە سەردەمی ئیدارەی د. نەجمەدین بڕیاردرا بکرێتە مەدەنی و ساڵی 2019 دەست بە دروستکردنی کراوە، رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2022 بە فەرمی کرایەوە.
فڕۆکەخانەکە ساڵانە توانای پێشوازیکردنی لە 500 هەزار گەشتیار هەیە و گەشتی هەفتانەی بۆ ئێران، لوبنان، ئوردن، ئیمارات و وڵاتانی دیکە دەبێت.
لە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەدا هیچ بەرپرسێکی کورد بانگهێشت نەکرابوون. بڕیارە 1000 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فڕۆکەخانەکە دەستبەکار بن و بەرپرسانی کوردیش لە کەرکووک ناڕازین لەسەر کەمیی کورد لە ستافی ئیدارەدانی فڕۆکەخانەکەدا.