بەرپرسی لقی 5ـی پارتی: سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار دەکەین
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، پێش دوو رۆژ پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە، لە دوێنێوەش هێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی هێزێکی زۆریان هێنابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو، دەرگایان بۆ کردنەوە بە شێوەیەکی زۆر سووک سانایی بە لێشاو رژانە سەر بارەگای لقمان و ئیتر بارەگای لق سووتا، بەڵام ئێمە پێشتر ئامادەکاری خۆمان کردبوو لە هەڕەشەکە ئاگاداربووین دەمانزانی نیازیان چییە و بە چ مەستێکیش هاتوون.
بەرپرسی لقی 5ـی پارتی داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات ئەوانەی لە پشت هێرشەکەن دەستنیشانبکرێن و دەڵێت، ئەوەش روونە کە کێن ئەوانەی لە پشتی ئەو خەڵکانەن کە هێرشیان کردووە، درووشمەکانی کە بەرزیان کردووەتەوە ئاڵای حەشدی شەعبی ربعوڵڵا و چەندین ناوی دیکەی نەخوازراو بەکاردێت، بەڵام دواجار دەستنیشانکردنی ئەمانە بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق جێدەهێڵین، ئەرکی ئەوانە بزانن کێن ئەوانەی بە هەزارانیان هێرش دەکەنە سەر بارەگای پارتە سیاسییە مۆڵەتپێدراوەکان و ئاگریان تێبەردەدەن.