لقی بەغدای پارتی: بەرپرسیارێتی یاسایی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنەی خەڵکی کۆکردەوە

لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر بارەگاکەیان لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەرپرسیارێتیی یاسایی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنەی خەڵکی کۆکردەوە".
 
لە راگەیێندراوی لقی 5ی پارتی لە بەغدا ئاماژە بەوەش کراوە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "کردەوە ئاژاوەگێڕیانە دەکەین کە هەڕەشە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن".
 
هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکات و رێکاری یاسایی تووند دژی بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا 
 
دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ستكرا به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن، كاژێر 10:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، گرووپێكی ده‌ره‌وه‌ی یاسا هێرشیانكرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و سووتاندیان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكی زۆری ماددی لێكه‌وته‌وه‌و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كانی له‌ناوچوون. 
 
ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕییه‌ سه‌ركۆنه‌ و ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاسایش و سه‌قامگیری به‌غدای پایته‌ختی خۆشه‌ویست ده‌كات، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و رێوشوێنی یاسایی له‌ دژی ئه‌م گرووپه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ هۆكاری ته‌شه‌نه‌كردنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون بۆ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌. 
 
گومان له‌وه‌دانییه‌، ئه‌م كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕییانه‌ هیچ كات كێشه‌كان و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو زۆر ئاڵۆزتری ده‌كات و ده‌رفه‌ت به‌ گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌دات به‌ویستی خۆیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن و ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. 
 
له‌ كاتێكدا حیزبه‌كه‌مان داوا له‌سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات په‌له‌ بكه‌ن له‌ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانیان له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و دیپلۆماسییه‌ت به‌شێوه‌ی شارستانییه‌وه‌، داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و ده‌سه‌ڵاتی یاسا هه‌یه‌، به‌ڕووی هه‌ر لایه‌نێكدا بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی له‌باربردنی ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌ئامانجكردنی یه‌كێتیی و ته‌بایی نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق ده‌كات. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌، سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بێڕێزیكردن به‌ سیمبۆلی گه‌لێك كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسییه‌تی عێراق ده‌كات، كارێكی دوور له‌ ره‌وشته‌. چونكه‌ ئاڵا ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ پێشكه‌وتن و شارستانییه‌ت و مه‌ده‌نییه‌ت. 
 
له‌ كۆتاییدا به‌رپرسیارێتیی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نه‌ی خه‌ڵكی كۆكرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌ ناشارستانییه‌ و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین رێوشوێنی یاسایی توند له‌ دژی ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسانه‌ بگرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی ئاسایش و به‌رگرتن له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت یاری به‌چاره‌نووسی وڵات بكه‌ن بۆ بێ به‌هاكردنی ئاسایش و یاسا و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت. 
 
لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان 
شه‌ممه‌ 17/10/2020