مەسرور بارزانی: بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان لە بەغدا ریسوا و شەرمەزار دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆسەر لقی 5ی پارتی لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت "سووتاندن و بێڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ریسوا و شەرمەزار دەکەم".
ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا. لەسەر ئەم رووداوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێرێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر لقی 5ی پارتی لە بەغدا بە هێرشکێکی ئاشکرا بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە لە عێراق دادەنێت و دەشڵێت "بێرێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبوولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان داوە، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا."
لەسەر ئەم رووداوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و دەڵێت "گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و رێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر."
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020، لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا. ئەگەرچی هیزی ئەمنی لەوێن، بەڵام هیچ رێگرییەک لە خۆپێشاندەران ناکرێت.