ناوی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی رەوانەی خوێندنی باڵا کرا و زانکۆلاین کارا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ناوی زیاتر لە 55 هەزار دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کرد. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ وەرگرتنی دەرچووان دەدەن.
 
شەوی سێشەممە 17ـی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نمرەی دەرچووانی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی پەروەردە نمرەی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاتر هەن.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو هەوڵێک دەدەین زۆرترین دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی بڕەخسێنین".
 
لەبارەی کردنەوەی زانکۆلاین بۆ پێشکێشکردنی داواکاری وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا زانکۆلاین کارا دەکرێت."