شارەوانیی سلێمانی: لە پێنج مانگدا زیاتر لە 250 هەزار مەتر رێگەمان قیرتاو کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، لە پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە 250 هەزار مەتر دووجا رێگەیان قیرتاوکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 17 هەزار دۆنم زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە کردووە.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو و باسی لە کارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کرد و گوتی،"ئەم ساڵ کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگمان لە سنووری سلێمانی جێبەجێکرد، لەوانە دروستکردنی چەند بەرزپرد و ئەندەر پاسێک، لەگەڵ دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ چەند گەڕەکێک و قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامە نێوخۆییەکان."
بە گوتەی زەردەشت رەفیق، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە رۆڵی گرنگی لە پێشخستنی ژێرخانی خزمەتگوزاری و شارسازی لە سلێمانی هەبووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند شوێنێک تۆڕی ئاوەڕۆی لوولەیی دانراوە وەک وڵووبە، قڕگە، بەکرەجۆ، راپەڕین و تاسڵوجە.
لەبارەی کارەکانی بەرزەپردی شەقامی 60 مەتریی نزیک لە ناوچەی پیشەسازی، زەردەشت رەفیق گوتی، "هەنگاوی باشی بڕیوە و ئەمڕۆ لایەکی قیرتاو دەکرێت".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانیی سلێمانی، هەموو ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون لەسەر داهاتی 15٪ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بوون.
زەردەشت رەفیق گوتی، "هێشتا بەشێک لە گەڕەکە نوێیەکان تۆڕی ئاوەڕۆیان نییە. ئەو شوێنانە پێشتر نەخشە و دەرخستەیان بۆ ئامادەکرابوو، بەڵام قەیرانی دارایی لە 2014ەوە هەمووی راگرت".
یەکێک لەو گرفتە ژینگەییانەی لە هەندێك ناوچە هەیە، تێکەڵبوونی ئاوی قورس(ئاوەڕۆ)یە بە سەرچاوەکانی ئاوی رووبارەکان کە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.
زەردەشت رەفیق گوتی، بۆ چارەسەری لێکەوتە ژینگەییەکانی ئاوەڕۆی سلێمانی، بیرۆکەیەک هەیە کە یەکەی چارەسەری ئاوی قورس لە تانجەرۆ دابنرێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەت هەیە.
لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان لە سنووری شارەوانیی سلێمانی، زەردەشت رەفیق گوتی، یاسای تایبەت بە تۆمارکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان لە 9ی ئەیلوولی 2024 وادەکەی تەواو بوو و پێویستە درێژ بکرێتەوە، چونکە کەسانێک نەیتوانیوە مامەڵەکانیان بکەن.
تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی میوانی گوتی،" لە سلێمانی نزیکەی 17 هەزار دۆنم زەویمان هەیە، بەڵام پێویستی بە رێکاری کارگێڕیی ئیفرازکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتییەکەی بۆ سەر شارەوانیی سلێمانی هەیە".