شارەوانیی بنەسڵاوە: 3000 پارچە زەویمان هەیە بۆ دابەشکردنیان بەسەر فەرمانبەراندا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 13 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە قەزاکەدا جێبەجێ کردووە. دەشڵیت، نزیکەی 3000 پارچە زەوییان هەیە بۆئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بکەن.
 
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات؛ تێیدا باس لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای بنەسڵاوە کرا و گوتی، لە چوار ساڵی رابردوودا 20 پرۆژەی گرنگ لە سێکتەرە جیاوازەکانی شەقام، رێگەسازی و ئاوەڕۆیان بە تێچووی زیاتر لە 13 ملیار دینار جێبەجێ کردووە.
 
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە پێیوایە، ئەو پرۆژانەی تەواو کراون، رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی ژێرخانی خزمەتگوزاری سنوورەکە لەوانە؛ تەواوکردنی جووتسایدی گوڵان، قیرتاوکردنی شەقامی ناوچەی پیشەسازی، دروستکردنی شەقام و تۆڕی ئاوەڕۆ لە گەڕەسۆر و گوڵان. گوتیشی، سایدی دووەمی بەردەم سەنتەری لاوان بە گوژمەی دوو ملیار و 350 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە لەگەڵ شەقامی گەڕەسۆر بۆ بنەسڵاوە بە گوژمەی 110 ملیۆن دینار.
 
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا جووتساید و ئاوەڕۆی سندوقی لە گەڕەکی ئاڵتوون بۆ چوارچرا جێبەجێ دەکرێت، پردی کۆنی بنەسڵاوە رەزامەندیی لەسەر دراوە و بە زووترین کات دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ناوەندی قەزای بنەسڵاوە پێکدێت لە 8 گەڕەک و چوار کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، زریان سەباح دەڵێت، دوو گەڕەکی نوێ لە قەزاکە دروستبوون، لەوانە گەڕەسۆر کە نزیکەی 9000 پارچە زەوییە و گەڕەکێکی نوێیە، هەوڵدەدەن بە قۆناخ خزمەتگوزاری پێویستیان پێ بگەیەنن.
 
بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، شارەوانیی بنەسڵاوە نزیکەی 3000 پارچە زەویی ئامادە کردووە. سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە دەڵێت، "نزیکەی 3000 پارچە زەویمان رووپێوی کردووە و ئاراستەی وەزارەتمان کردووە، ئەوەی ماوە تەنیا رێکارە کارگێڕییەکانن."
 
لەبارەی مۆڵەتدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە گوتی، 150 هاونیشتمانی مۆڵەتی زەویی سندووقییان وەرگرتووە و ئێستا مامەڵەی گەڕەکەکانی گوندی زێرەڤانی، بنەسڵاوەی بچووک و کۆتر سیتی وەردەگیرێت بۆ مۆڵەتپێدان.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە سنووری بنەسڵاوە پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، خەڵک زبڵ و خاشاکەکانیان فڕێ دەدەن، هەروەها گلەیی لە زیادبوونی سەگی بێلانە دەکەن.
 
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە لەوبارەیەوە گوتی، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ لێپرسینەوە لەوانەی ژینگە پیس دەکەن و چەند کەیسێکیش ئاراستەی داواکاری گشتی کراون، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و شێڵتەی هەولێر لە هەوڵدان بۆئەوەی هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بکەن.