پارێزگای هەولێر: 10 شاری نیشتەجێبوون پارەی زیادیان لە خەڵک وەرگرتووە و دادگە سزایان نادات

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت نزیکەی پێنج مانگە لەسەر سەرپێچی و زیاد وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزاری، 10 شاری نیشتەجێبوونیان داوەتە دادگە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگە بڕیاری کۆتایی لەسەر نەداون، دەشڵیت، هەر شارێکی نیشتەجێبوون چەند پارەی زیادە لە دانیشتووانی پڕۆژەکە وەربگرێت، دووهێندە سزادەدرێت.
 
ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند "ئەمساڵ هەشت شاری نیشتەجێبوون [سیتی] سزادراون بەهۆی سەرپێچییکردن لە رێنمایی و نرخەکان کە لەلایەن لیژنەی پارێزگای هەولێرەوە دیاریکراون و، هەر شارێکی نیشتەجێبوون بەردەوام بێت لە سەرپێچی، دوای سزادان دەدرێتە دادگە."
 
بەگوتەی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، "لە 28ـی ئازاری 2023ـوە تاوەکو ئێستا، 10 شاری نیشتەجێبوون دراونەتە دادەگە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگە هیچ لێپێچینەوەیەکی نەکردووە، "دادگە کەمتەرخەمە لە سزادانیان و کەیسەکان زۆر دوادەخات."
 
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەشڵێت "ئێمە رێکاری کارگێڕی دەگرینەبەر و بەگوێرەی دەسەڵاتی خۆمان، سزایان دەدەین، بەڵام کاتێک ئەوان بەردەوامن لە سەرپێچی، دەبێت دادگە بڕیار لە سزادانیان بدات و دادگە هیچ هاوکارمان نییە لە سزادانی ئەو پرۆژە و شارانەی ستەم لە خەڵک دەکەن."
 
ئەکرەم ئەحمەد گوتیشی، شاری نیشتەجێبوون هەیە مانگانە چل ملیۆن دینار زیاتر لە نرخی دیاریکراو لە دانیشتووانی پڕۆژەکە وەردەگرێت. 
 
لەبارەی بڕ و جۆری سزاکان، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سزاکان لە 5 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو 196 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری پرۆژەکان بەردەوامن لە سەرپێچی، لیژنەی تایبەتمەند کە لە 10 ئەندام پێکهاتووە، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و بڕیاریدا هەر پرۆژەیەک چەند پارە زیاتر لە هاونیشتمانییان وەربگرێت، دووهێندە سزا بدرێت، "بۆ ئەو مەبەستەش رای داواکاری گشتییمان وەرگرتووە لەسەر ئەو بڕیارە".
 
بەشێک لە دانیشتووانی پڕۆژەی ئیسکان تاوەرز، چەند جارێکە پەیوەندی بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو دەکەن و گلەیی لە خراپی و گرانیی نرخی خزمەتگوزارییەکانی ئەو پرۆژەیە دەکەن، دەڵێن نرخی خزمەتگوزارییەکان گرانترە لەو نرخەی حکومەت دیاریکردووە.
 
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، " خاوەنی پرۆژەی ئیسکان تاوەرز بەڵێننامەی پڕکردووەتەوە لە مانگی شەشەوە بەگوێرەی نرخی دیاریکراو لەلایەن پارێزگاوە، پارە لە خەڵک وەربگریت، بەڵام سەرپێچی کردووە و نزیکەی 30 ملیۆن سزا دراوە و لە قایمقامییەتە.
 
هەروەها، شاری خەونەکان (دریم سیتی)، 20 ملیۆن دینار زیاتری لە خەڵک وەرگرتووە، "ئێمە سزاکەیمان دووهێندە کردووە و 43 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیمان بۆیان نووسیوە."
 
لەبارەی نرخی کارەبای ئەو شارانەی تاوەکو ئێستا نەکراون بە سیستمی پریپەید، ئەکرەم ئەحمەد گوتی، "ئەو شارانەی کارەبایان نەبووەتە سیستمی پریپەید، نرخی 22 سەنتمان دیاریکردووە بۆ هەر کیلۆواتێک لە کاژێرێکدا، هەرکەس لەوە زیاتر وەربگریت، سزا دەدرێت."
 
لەبارەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە پرۆژە و شارەکانی نیشتەجێبوون، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت،"لە هەموو شارەکان نرخەکان کە لەلایەن حکومەتەوە دیاری دەکرێن هەڵدەواسرێن، نرخی خزمەتگوزاری لە شارە نیشتەجێبوونەکان لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و شوێن هەیە 300 هەزار دینارە."