نێچیرڤان بارزانی لە یادی چلەی ئیمام حوسێن: وانەیەکە بۆ قوربانیدان لەپێناو بەرزکردنەوەی وشەی هەق


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی چلەی ئیمام حوسێن رایدەگەیێنێت، ئەو یادە "ئیلهامبەخش و وانەیەکە بۆ قوربانیدان لەپێناو بەرزکردنەوەی وشەی هەق کە ئێستا عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەو پەیامەیە."
 
ئەمڕۆ شەممە، 17-09-2022، یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکانى شیعە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت، بۆنەکە چلەى کوژرانى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و بەشداربووان بە سرووتى جیاواز یادەکە زیندوو دەکەنەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوبۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یادەکە وانەیەکە بۆ قوربانیدان لەپێناو بەرزکردنەوەی وشەی هەق کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر عێراق پێویستی پێیەتی.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، عێراق لەم کاتەدا زۆر پێویستی بەو بەها و وانە بەنرخانەیە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی لێبووردەیی، پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکان. "ئەوەش لەپێناو ئاییندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان و ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانمان".
 
ساڵانە ملیۆنان هاووڵاتیى شیعە بەشدار دەبن لە زیندووکردنەوەى چلەی ئیمام حوسێن کە بەگوێرەى رۆژژمێرى کۆچى 20ى مانگى سەفەرە کە هەر ساڵە و لە رۆژێکدایە و بۆ ساڵى 2022، ئەمڕۆ 17ى ئەیلوولە. 
 
ئیمام حوسێن لە ساڵى 680ى زاینى کە دەکاتە 61ى کۆچى، لەگەڵ بەشێک لە یاوەرانى لە کەربەلا کوژرا و هەر لەوێش بەخاکسپێردرا. ئەو رووداوە بە شەڕى کەربەلا یان "رووداوى تەف" ناسراوە کە ماوەى سێ رۆژى خایاندووە، کاتێک ئیمام حوسێن و یاوەرانى لەگەڵ سوپاى سەر بە یەزیدى کوڕى مەعاویە جەنگاون کە ئەوکات "خەلیفەى" دەوڵەتى ئومەوى بووە. 
 
چوون بە رێگەدا یەکێکە لە سەرەکیترین سرووتەکانى رێوڕەسمی چلەى ئیمام حوسێنە.
 
ئەرکى پاراستنى رێوڕەسمی چلەى ئیمام حوسێن لە ئەستۆى هێزە ئەمنییەکانى عێراقە بە سەرپەرشتیى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان کە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانە.  
 
زیاتر لە پێنج هەزار کارمەندى هەواڵگریی عێراق لە پاراستنى زیارەتکاران و رێگەى چوونیان بەرەو کەربەلا بەشدارن. سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرى، دەستەى حەشدی شەعبی لە پاراستنى زیارەتکاران بەشدارن. ئەرکى سەرەکیى پاراستنى ئەو رێوڕەسمە بە پۆلیسی فیدراڵى سپێردراوە.