دوو كۆبوونهوهی باڵای پارتی و یەکێتی ههڵدهوهشێنهوه
رووداو- سلێمانی
بڕیار بوو رۆژی شەممە، 14ی ئەم مانگە، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی یەکێتی لە رێککەوتننامەی دابەشکردنی پۆستەکانی هەڵەبجە، هەڵوەشایەوە و کۆبوونەوەیەکی دیکەی هەردوولاش لهلایهن یەکێتییهوه هەڵوەشایەوە بەهۆی ئەوەی گلەییان هەبووە لەبارەی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرکوەزیران و پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی یەکێتی لە ئیدارهی خۆجێیی له پارێزگاری هەولێر. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە (رووداو) ی راگەیاند: "یەکێتی گلەیی ئەوەشیان لە پارتی هەیە کە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا کارئاسانیی زۆرتر بۆ وەزیرەکانی گۆڕان دەکرێت و تیمی گۆڕان ئاسوودەترن''.
یهكێتی له بادینان كێشهی ههیه
سەرباری دوو رێککەوتننامەی واژۆکراوی نێوانیان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گلەییان لە یەکدی هەیە. بەهۆی ئەو گلەییانەشەوە دوو کۆبوونەوەی مهكتهبی سیاسیی هەردوولا هەڵوەشانەوە. بڕیاروابوو ئهم هەفتەیە كۆبوونهوهكان بكهن و تێیاندا لەسەر ئەو تێبینیانەی لەنێوانیاندا دروستبوون قسه بكهن. یەکێک لە کۆبوونەوەکانیش لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا بووه. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێ: "هەرکاتێک لە هەولێر سێ بەڕێوەبەری گشتی و دوو قایمقام و چەند بەڕێوەبەری ناحیەمان وەرگرت، ئەوکات پابەند دەبین بە رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە".
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دهڵێت حیزبەکەی لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە چەند تێبینییەکی لەلا دروستبووە، تێبینییەکان گهیشتوونهته ئاستی نیگەرانی. ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لەبارەی نیگەرانییەکانی حیزبەکەی لە پارتی دەڵێت: "بەشێک لە کێشە چارەسەرنەکراوەکانمان لەگەڵ پارتی، پەیوەندی بە دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکانەوە هەیە. ئەگەر پارتی گلەیی ئەوە دەکات کە یەکێتی لە رێککەوتنی هەڵەبجە کشاوەتەوە، ئەوه ئێمەش لە هەولێر و بادینان کێشەمان هەیە“. سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەڵێ دوو جار تێبینی و گلەییمان داوەتە پارتی.
جارێک لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە پارتیمان گوتووە: "دەبێ لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت دیاری بکرێن و قوباد تالەبانی بزانێت دەسەڵاتەکانی چین. چونکە تیمی ئێمە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا وا تێدەگەن کە پەراوێزخراون، لەکاتێکدا لە رێککەوتنی نێوانماندا پێنج جار وشەی تەوافوق هاتووە".
دوو نیگهرانییهكهی یهكێتی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەرەتای دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە، جەختی لەوە دەکردەوە كه بەشداریکردنی لە کابینەی نۆیەمدا، بەستراوە بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکووک و وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراق. لە پۆستەکانی هەرێمی کوردستانیشدا پێداگیرییەکی سەرسەختانەی کرد بۆ بەدەستهێنانی جێگری سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و 6 وەزارەت و چەند دەستەیەک، بەڵام ئێستا گلەییەکانی یەکێتی لە پارتی گۆڕاون بۆ "دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکوەزیران و دواکەوتنی دەستبەکاربوونی پارێزگاری کەرکووک".
پێشنیازه نوێكهی عهرهب و توركمان
گلەییەکان لە دواکەوتنی دانانی پارێزگاری کەرکووکەوە دەستیانپێکرد. هەرچەندە رۆژی 11 تەموزی ئەمساڵ لە سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا پارتی و یەکێتی ناوی ئەندازیار تەیب جەباریان وەک كاندیدی پەسەندکراوی هەردوولا بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئاشکراکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا نە لیژنە هابەشەکەی نێوان هەردوو حیزب بۆ دانوستاندن لەگەڵ عەرەب و تورکمان دەستبەکار بوونه و نە لیستی برایەتیش کۆبوونەوەیان کردووە.
پێشتر تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک پشتیوانیی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووکیان دەکرد بە هاوکێشەی 32٪ بۆ کورد و 32٪ بۆ عەرەب و 32٪ بۆ تورکمان و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئاشووری و کلدانەکانی ئەو پاریزگایە. رووداو زانیویەتی کە ئێستا تورکمان عەرەبەکانی کەرکووک بیرۆکەیەکی نوێیان هەیە و ئەویش دابەشکردنی پۆستەکانە بە جۆرێک کە 40٪ بۆ کورد و 30٪ بۆ تورکمان و 30٪ بۆ عەرەب بێت.
"ههڵهبجه بهرامبهر ههولێره"
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، كه داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، رەتیدەکاتەوە گلەییەکانی حیزبەکەی لە پارتی گەیشتبنە قۆناخێک کە هەڕەشە لە پەیوەندییەکانی نیوانیان بکات، "بەڵام پارتی خواستەکانی یەکێتی لەبەرچاو ناگرێت. ئێمە پێش رێککەوتن لەسەر پۆستەکان، رێککەوتووین كه بەشداریمان لە حکومەتدا راستەقینە بێت و بڕیارەکانی حکومەت بەهاوبەشی بدرێن، نەک جێگرێکی بێدەسەڵاتمان هەبێت و پارتی لە پارێزگاکانی دیکە پۆستەکانی یهكێتی نهداتهوه، بەڵام داوای پۆستەکانی هەڵەبجە لە یەکێتی بکات“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتیشی حیزبەکەی داوای لە پارتی کردووەتهوه "کات نەکوژێت بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک و خالید شوانی وەک وەزیری هەرێم بۆ هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر دەستبەکار ببێ و رەوەند مەلا مەحموودیش تەنیا بەربژێری ئێمەیە بۆ وەرگرتنی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان و نایگۆڕین".
ئەندامەكهی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێ پارتی داوای لێکردوون "ناوی رەوەند مەلا مەحموود بگۆڕن بە کەسێکی دیکە“. لەبارەی گلهیی پارتیش سهبارهت به پاشەکشەی یهكێتی لە رێککەوتننامەی دابەشکردنی پۆستەکانی هەڵەبجە، سهرچاوهكهی (رووداو) دەڵێت: "هەرکاتێک لە هەولێر 3 بەڕێوەبەری گشتی و 2 قایمقام و چەند بەڕێوەبەری ناحیەمان وەرگرت، ئەوکات پابەند دەبین بە رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە“.
پارتی: كێشهی كهركووك ئاڵۆزه
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی له رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی پاشگهزبووبێتهوه و دهڵێت: ”ئێمه نهك لهگهڵ حیزبه كوردستانییهكان، بهڵكو لهگهڵ لایهنه عێراقییهكانیش له رێككهوتنهكانمان پهشیمان نابینهوه. بۆیهش پابەندین بە رێكکەوتنەکەمانهوە لهگهڵ یهكێتی و جێبەجێی دەکەین، بەڵام یەکێتی بۆخۆشیان دەزانن پرسی کەرکووک چەند ئاڵۆزە".
نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، باسی ئەو لیژنە هاوبەشەی پارتی و یەکێتی دەکات كه ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ لایەنەکانی نێو کەرکووک و بەغدا گفتوگۆ دەکەن: "ئەندامە یەکێتییەکانی ناو ئەو لیژنانە بۆخۆشیان دەزانن کە ناوی پارێزگار لە گیرفانی ئێمەدا نییە تاوەکو هەرکات ویستمان دەریبهێنین، دەبێت لەگەڵ لایەنە ناکۆکان رێکبکەوین. كاتێكیش یهكێتی ناوی كاك تهیب جهباریان داوهته ئێمه، یەک وشەشمان لەسەری نەگوتووە".