ئاوی دەوروبەری هەولێر: 50 بیر لە سنوورەکە وشک بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر رایدەگەیێنێت زیاتر لە 50 بیر لە سنووری دەوروبەری هەولێر وشک بوون و پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە زیاتر بێت. دەشڵێت، ئەو بیرانەی کە 200 بۆ 300 مەتر قووڵن، مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.
 
رێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لەبەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، بەهۆی دابەزین و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەویی لە دەرووبەری هەولێر زیاتر لە 50 بیر وشک بوون.
 
رێزان سەعدی ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو شوێنانەی گرفتیان بۆ دروست بووە، توانیویانە 35 بیری نوێ لە جێگەی ئەو بیرانەی کە وشکیان کردووە هەڵی بکەنن و لە هەوڵیشدان ژمارەیەک بیری دیکە لە شوێنی بیرە وشکبووەکان هەڵبکەنن.
 
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەموو ئەو بیرانەی کە قوڵییان لە نێوان 200 بۆ 300 مەترە، مەترسی وشکبوونیان لەسەرە و هەر بیرێکی نوێ هەڵبکەنن قوڵییەکەی زیاتر دەکەن بەشێوەیەک قوڵترین بیریان نزیکەی 700 مەترە.
 
بەگوتەی رێزان سەعدی، لە هەموو قەزا و ناحییەکانی دەورووبەری هەولێر گرفتی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی هەیە، هۆکارەکەش ئەوەیە تائێستا زۆرترین رێژەی پشتبەستن بە ئاوی ژێر زەوی بووە تەنانەت بۆ کشتوکاڵ و ئاودێریش.
 
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات داوایان کردووە چاندنی گەنمەشامی و حەوزی بەخێوکردنی ماسی بە ئاوی بیر قەدەخە بکرێت، چونکە ئاوی زۆریان پێویستە.
 
پرۆژەی ئاوی گوندی زەرگەزەوی لە ناحیەی دارەشەکران ماوەی چەند ساڵێکە تەواو نەکراوە و بەشێک لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر لە سنووری ناحیەی دارەشەکران دەڵێن، گرفتی ئاویان هەیە و داوای تەواوکردنی پرۆژەکە دەکەن.
 
رێزان سەعدی دەڵێت: "پرۆژەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، ئێستا نزیکەی ٦٥٪ی کارەکانی تەواوبووە و بودجەی پرۆژەکە ٣ ملیار دینارە، پرۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە و لە زووترین کاتدا تەواو دەبێت."
 
رێزان سەعدی گوتیشی، بەگوێرەی پلانمان، داوامان کردووە پرۆژەی ئاوی خەبات، کە لە رووباری زێی گەورەوە ئاو بۆ سنووری خەبات و دەورووبەری دابین دەکرێت و هەروەها پرۆژەی ئاوی قوشتەپە لە گوندی قەشقە، ئاو بۆ قوشتەپە و نزیکەی  60 گوند سوود لەو پرۆژەیە دەبینن، پێشنیازمان بۆ حکومەت کردووە بۆ جێبەجێکردنی، بودجەی بۆ تەرخانبکرێت.