لە پاکێجێکدا ماڵپەڕی سێکسی، قومارکردن و رێکلامی خواردنەوەی کحولی بلۆک دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا بڕیاری دا لەبارەی ئەوەی پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت و مۆبایل "پاکێجی خێزانی" دروست بکەن. لەو پاکێجەدا چەندین ماڵپەڕی سێکسی، قومارکردن، رێکلامی خواردنەوەی کحولی و چەک قەدەخەدەکرێن.
نووسراوەکە رۆژی 17-08-2022 دەرچووە و داوا لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەکات پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بڕیارەکە جێبەجێبکەن و دەبێت پاکێجەکە لە رووی نرخەوە "گونجاوتر بێت یاخود هەمان نرخی ئێستا بێت". هەروەها پێویستە خێرایی ئینتەرنێت لەو پاکێجە خێراتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە.
لەو بارەوە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تێکدانی ئاسایشی پێکەوەژیان و کۆمەڵگە، بڵاوکردنەوەی رق و دووبەرەکی و تووندوتیژیی (ئایینی، نەتەوەیی، هتد..) فلتەر و بلۆک دەکرێن.
وەکو لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئەو ماڵپەڕ، ئەپلیکەیشن و پێگانەی بلۆک دەکرێن بریتین لەمانە:
1. سووکایەتی بە ئایین، پێغەمبەران، کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان و گشت ئایین و ئایینزاکانی کوردستان
2. تێکدانی ئاسایشی پێکەوەژیان و کۆمەڵگە. بڵاوکردنەوەی رق و دووبەرەکی و تووندوتیژی (ئایینی، نەتەوەیی، هتد ...)
3. پۆرنۆگرافی (ماڵپەڕە سێکسییەکان)
4. فرۆشتن و کڕینی چەک و تەقەمەنی
5. قومار بە هەموو جۆرەکانییەوە (ئەلیکترۆنی و هەر بابەتێکی دیکەی قومار)
6. دراوی ئەلیکترۆنی (هەموو جۆرەکانی)
7. هاندان و رێکلام بۆ جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان
8. سەرجەم بابەتی ماددە هۆشبەرەکان
9. هاندانی تووندوتیژیی خێزانی، تووندوتیژی لەگەڵ ئافرەت و منداڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە
10. تووندوتیژی دژی ئاژەڵ