کەمئاوی تەنگی بە پارێزگای هەولێر هەڵچنیوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، گرفتی کەمئاوی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی تەنگی بە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵچنیوە و تاوەکو دێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی کەمدەبێتەوە، جگە لە وشکبوونی چەندین بیر و دابەزینی ئاستی ئاوی بەشێکیان، گرفتەکە لەهەندێک شوێندا گەیشتووەتە "ئاستی قەیران".
"قەزای بنەسڵاوە؛ 14 بیری ئاو بەتەواوی وشک بوون"
ئاراز موحسین، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی قەزای بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، "کاریگەرییەکانی وشکەساڵی ئەمساڵ تەنگیان بە بیرەکان هەڵچنیوە و بەشێکی زۆری بیرەکان وشکیان کردووە، بەجۆرێک تاوەکو ئیستا 14 بیری ئیرتیوازی کە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ماڵان بەکارمان دەهێنان، وشکیان کردووە و رێژەی ئاو تێیاندا گەیشتووەتە سفر".
بەگوتەی ئاراز موحسین، لەکاتی وشکبوونی هەر بیرێک، ئەوان نووسراو بۆ پارێزگا دەکەن بۆ لێدان و هەڵکۆڵینی بیری نوێ، یان قوڵکردنی بیرە وشکبووەکان و بڕیارە کۆمپانیایەک، بیرێکی نوێ لە سنوورەکەیان هەڵبکەنێت، رێکخراوێکی خێرخوازیش بڕیاریداوە دوو بیر لە گەڕەکەکانی تەعجیل (ـی بنەسڵاوە) و قەڵاتی نوێ هەڵبکەنێت.
لێدان و هەڵکەندنی هەر بیرێک ماوەی 15 رۆژی پێویستە، هەروەک بۆ هەر مەترێک قوڵیی بیرەکە، بە سەرجەمی پێداویستییەکانییەوە، نزیکەی 60 دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوێت.
لەو گەڕەکانەی بیرەکانیان وشکیان کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی بنەسڵاوە لە رێگەی سێ تانکەری ئاو، رۆژانە تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو ئاو بۆ ئەو ماڵانە دابین دەکات، کە دەکەونە ئەو گەڕەکانەوە، هەروەها گۆڕانکاریشیان لە خشتەی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکان کردووە بۆ ئەوەی بە یەکسانی ئاو بکەن بەسەر هەموویاندا دابەش بکەن.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی بنەسڵاوە دەشڵێت، ئاودانی باخچەی بەردەرگای ماڵەکان، هۆکاری بەفیڕۆچوونی ئاوێکی زۆرە و ئێستا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ تێکدانی باخچەی زێدەڕۆ و بڕینی ئاوی ئەو ماڵانەی دوو هاوبەشییان هەیە.
"ناحیەی دارەتوو؛ 8 بیری ئاو بەتەواوی وشک بوون"
بەڕێوەبەری ئاوی دارەتووی هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی زیاتر لە هەشت بیرمان وشکیان کردووە و چەند بیرێکی دیکەش مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە. دەشڵێت، "ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات، تەنها دوو ساڵی دیکە دەتوانن پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەستین".
ئامانج عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دارەتوو لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە سنووری ناحیەی دارەتوو، لە کۆی 90 بیر، زیاتر لە 8 بیرمان وشکیان کردووە، هەندێک بیری دیکەش لەسەر وشکبوونن"، ئێستا گرفتێکی دیکە بۆ ئاوی دارەتوو دروست بووە، ئەویش کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەیانە.
گوتیشی،"پێشتر هەر بیرێک توانای دابینکردنی ئاوی بۆ 250 ماڵ هەبوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 40 ماڵ".
بەڕێوەبەری ئاوی دارەتوو گرفتی کەمبوونەوەی ئاو و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ بەفیڕۆدانی ئاو دەگێڕێتەوە و، دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکان بەفیڕۆدانی ئاوە لەلایەن هاونیشتیمانییان لەرێگەی دروستکردنی باخچەی زێدەڕۆ و راکێشانی ئاو بۆ باخچەکانیان، چونکە زۆرترین باخچەی زێدەڕۆ لەسەر ئاستی هەولێر، دەکەوێتە سنووری ناحیەی دارەتوو".
ئامانج عەبدولڕەحمان دەشڵێت، ئێستا کێشەی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و، دۆخەکە وا بڕوات "تەنها دوو ساڵی دیکە دەتوانین پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەستین"، بۆیە "دەبێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4 خێراتر بکرێت، چونکە تاکە هۆکارە بۆ چارسەرکردنی گرفتی ئاوی دەوروبەری هەولێر".
پرۆژەی ئاوی ئیفراز 4، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە لە رێگەی گواستنەوەی ئاو لە رووباری زێی گەورە، گرفتی ئاو لە دەروبەری هەولێر چارەسەر دەکات. پڕۆژەکە وێستگەیەکی پاڵاوتنی ئاو دەبێت لەسەر زێی گەورە، کە توانای پاڵاوتنی 25 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە لە کاژێرێکدا، لەرێگەی دوو هێڵی گواستنەوە بە تیرەی 1.4 مەتر و دروستکردنی حەوت عەمباری کۆگەکردنی ئاو، کە توانای هەڵگرتنی 340 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
پێشتر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، "بەتەواوبوونی پڕۆژەی ئیفراز چوار، کێشەی ئاو کۆتایی دێت و ھەزار و 190 بیریش دادەخرێن".
ئامانج عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دارەتوو دەشڵێت، یەکێک لە گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، نەبوونی کارەبای نیشتمانییە بۆ بیرەکان و، ئێستا 19 بیر بە کارەبای مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە بەستراونەتەوە و بڕیار بۆ بەستنەوەی 5 بیری دیکەش بە مووەلیدەی گەڕەکەکانەوە، دەرچووە".
"لە ناحیەی بەحرکە؛ کێشەی ئاو گەیشتووەتە ئاستی قەیران"
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە دەڵێت، گرفتی کەمئاوی لە سنووری ناحیەکەیاندا بووەتە کێشەیەکی رۆژانە و گەیشتووەتە ئاستی قەیران.
تۆڵە مەهدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو گوتی، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا گرفتی زۆریان بەدەست کێشەی کەمئاوی و وشکبوونی بیرەکانەوە هەیە و، گرفتەکە بووەتە کێشەی رۆژانە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی ناحیەکە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت، رۆژانە گرفتیان بۆ دروست دەبێت و "دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستی قەیران".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گرفتی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، نەبوونی کارەبای پێویستیش بۆ کارپێکردنی بیرەکان گرفتێکی دیکەی بۆ دروستکردوون بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر هاونیشتمانیان.