سهرۆکی ههرێمی کوردستان لە باکو لەگەڵ سهرۆکی ئازهربایجان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئازەربایجان و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئەوەش لەدوای بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ نێچیرڤان بارزانی دێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی تەممووزی 2023 بڵاویکردەوە، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئازەربایجان و سبەی سێشەممە، 18ی تەممووزی 2023 لە باکو لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان کۆدەبێتەوە".
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلیێڤ پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ دەکەن.
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنچینەی کۆبوونەوەیەکی پێشووی هەردوو سەرۆکە کە لە میونشنی ئەڵمانیا کراوە. رۆژی 18ی شوباتی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشنی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە.
ئەوکات، سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان رایگەیاند، ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی وڵاتەکەی کردووە و نێچیرڤان بارزانیش پێشوازیی لە داواکەی کردووە. ئیلهام عەلیێڤ رایگەیاند كار لهسهر كردنهوهى كۆنسوڵخانهى وڵاتهكهى له ههولێر دهكات.
هەر بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجان، نێچیرڤان بارزانی ئەوکات گوتی کە "زۆر گرنگە" پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان پەرەپێبدرێن و پیرۆزبایی "ئەو دەستکەوتانەی" لە ئازەربایجان کرد کە لە ماوەی سەرۆکایەتیی عەلیێڤ بەدەستی هێناون. هاوکات، گوتیشی کە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتووریی هاوبەشیان لەگەڵ ئازەربایجان هەیە.
لای خۆیەوە، وەکو سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەڵێت، سەرۆکی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەداوە کە دەکرێت میکانیزمی هاوئاهەنگیی نێوان ئازەربایجان، تورکیا و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پەرەپێبدرێت. باسی لەوەش کرد کە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی ئابووری و بازرگانی گرنگییەکی زۆری هەیە، "هەربۆیە گرنگە بیر لە چەسپاندنی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان بازنە بازرگانییەکان و دروستکردنی دامەزراوە جیاجیاکان لە شێوەی ئەنجوومەنێکی بازرگانیدا بکرێتەوە."