لە سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1200 ئاژەڵی قوربانی سەربڕدراون

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دوێنێ کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و قوربانیکردن بوو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 200 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون، کە زۆرترینیان لە سلێمانی و کەمترینیشیان لە دهۆک بووە.
 
قوربانیکردن لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تاوەکو پێش خوارئاوابوونی چوارەم رۆژ دەبێت. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، 17-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ 291 سەر ئاژەڵی بچووک و 88 ئاژەڵی گەورە بۆ قوربانی سەربڕدراون".
 
هەروەها شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ 500 سەر ئاژەڵی بچووک و 70 سەر ئاژەڵی گەورە لە کوشتارگەکەمان بۆ قوربانی سەربڕدراوە".
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی گوتیشی، دوێنێ 25 سەرئاژەڵیان رەتکردووەتەوە کە گۆشتەکەی شیاو نەبووە بۆ خواردن.
 
لە دهۆک کەمترین ئاژەڵ براوە بۆ سەربڕخانە بۆ سەربڕین و زۆرینە لە دەرەوەی سەربڕخانە سەربڕدراون. رەشید حەکیم، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەس ئاژەڵ ناهێنێتە لامان بۆ قوربانی؛ دوێنێ تەنیا 20 سەر ئاژەڵ هێندراون".
 
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە، هەر ئەمڕۆ دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە 200 سەر مەڕ و 70 ئاژەڵی گەورە بۆ قوربانی سەربڕدراون".
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد: "شەوانیش ئاژەڵ سەر دەبڕین و هەر هاونیشتمانییەک بیەوێت قوربانی بکات، هەر کاژێرێک بێت دەتوانێت بیباتە سەربڕخانەکە".
 
ئەو ئامارە تەنیا ئەو ئاژەڵانەیە براونەتە سەربڕخانەکان بۆ قوربانی، لە دەرەوەی سەربڕخانەکان و لە گوندەکان زیاتر لەو ژمارەیە کراون بە قوربانی کە تۆمار کراون.