حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە سعودیە کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دیکە کە بۆ حەجکردن لە سعودیە بوو گیانی لەدەستدا. سەرپەرشتیاری کاروانەکەیان دەڵێت، حاجییەکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-06-2024، ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری حاجییانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ حەجی ئەم ساڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حاجییەکە دوێنێ لەکاتی ئەرکەکانی حەجدا گیانی لەدەستدا".
ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ناوی عەبدولحەمید رەحیم عەبدولکەریمە و لەدایکبووی 08-09-1957ـە. ئارام شێخ جەمال دەڵێت: "دوێنێ لە کاتی گەڕانەوە لە عەرەفە و لەکاتی نوێژی جەماعەتدا دۆخی تەندروستی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستدا".
گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییە دەبێتە حەوتەم کەس کە ئەم ساڵ لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ناسنامەی شەش حاجییەکەی دیکە کە گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیەیە:
- زینەت رەشید قادر
- رازیە عەلی
- ئاسیا عەلی
- حەمە حەسەن عەبدوڵڵا
- هەمین قادر
- ئەحمەد باڵەکی
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی رۆشتوون.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 20ـی ئەم مانگەوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانە دەکرێت کە لە رێگەی وشکانییەوە رۆیشتوون.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.